هێزی كۆماندۆ هۆشداریدەدات

کوردستان

18/09/2023‌ 2396 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ٩ی ٢٠٢٣ ھێرشێكی تیرۆرستی كرایە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت لە سلێمانی، كە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی شەش لە برا و ھاوسەنگەرەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر".

فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەكە دەكەین، كە لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە، كە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی ھەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە، ماوەیەكە ھەر جارە و بە بیانویەك ئەم سنورە دەكرێتە ئامانج. گەلی كوردستان و براكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر دڵنیا دەكەینەوە، كە پێكەوە دەبینە دەستێكی پۆڵاین بۆ ڕیسواكردنی بەكرێگیراوان و خاك فرۆشان و چاوساغانی بێگانە و ناھێڵین خوێنی گەشی شەھیدانمان بە ھەدەر بڕوات، كە مەرامیان وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە".

ئاماژە بەوەش دەكات "ئەم چاوساغی كردنە بۆ بێگانە، ئەوەندەی دیكە ڕووی ڕەشی جاسوس و نیشتیمان فرۆشان لای ھاووڵاتیان بێزراوتر و ڕیسواتر دەكات، لە ئایندەدا بۆ گەلی كوردستان ڕوون دەبێتەوە، كە بەكرێگیراوان لە پێناو چ مەرامێك دەستیان داوەتە، نۆكەریكردن بۆ بێگانە".