عێراق له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى عه‌ربه‌ت هاته‌ده‌نگ‌و هۆشداریی به‌توركیا ده‌دات

کوردستان

19/09/2023‌ 3868 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى عه‌ربه‌ت هاته‌ده‌نگ‌و وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقیش ڕایگه‌یاند، "ئه‌و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌ی كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌تی له‌سلێمانی بۆردومانكرد له‌توركیاوه‌ هاتوه‌"، ده‌شڵێت، "ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی‌و ئاسایش‌و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌".


لیوا یه‌حیا ڕه‌سوڵ وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، "كاتژمێر 5:00ی ئێواره‌ی ڕۆژی دوشه‌ممه‌ 18ی‌ ئه‌یلول، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان له‌ودیو سنوری توركیاوه‌ هاتۆته‌ ناو خاكی عێراق‌و فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌تی له‌پارێزگای سلێمانی بۆردومانكردوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ سێ قاره‌مانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر شه‌هیدبون‌و سێ قاره‌مانی تریش برینداربون".

ده‌شڵێت، "ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی‌و ئاسایش‌و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌و پێشێلكاریی‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی‌و ئاسایش له‌ناوچه‌كه‌و جیهان‌و پێشێلكردنی بڕگه‌كانی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و بنه‌ماكان‌و ئامانجه‌كانی جاڕنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌".

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا لیوا یه‌حیا ڕه‌سوڵ وتویه‌تى، "ئه‌م هێرشه‌ دوباره‌بوانه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌مای په‌یوه‌ندیی باشی دراوسێیه‌تی نێوان وڵاتان ناگونجێن‌و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر هه‌وڵه‌كانی عێراق بۆ بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش‌و هاوسه‌نگی سیاسی‌و ئابوری‌و ئه‌منی‌و هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا".

وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌شڵێت، "عێراق مافی خۆیه‌تی كۆتایی به‌م پێشێلكارییانه‌ بهێنێت".

ئێواره‌ى دوێنێ دوشه‌ممه‌ فڕۆكه‌یه‌كى بێفڕۆكه‌وان فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌تی كرده‌ ئامانج‌و به‌هۆیه‌وه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی دژه‌تیرۆری كوردستان (CTG) گیانیان له‌ده‌ستداو سێ پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش برینداربون.