تورکیا دەیەوێت شکست بە پڕۆژەی رێگای بازرگانیی هیندستان-سعوودییە و ئیسرائیل بهێنێت

جیهان

19/09/2023‌ 1508 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی "تورکیا پێشنیاری جێگرەوەیەک بۆ ڕێڕەوی بازرگانیی نێوان هیندستان و ئەوروپا دەکات، بەڵام عێراق جێی متمانە نییە" بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی 20 لەهیندستان دژی پرۆژەی ڕێڕەوی بازرگانیی نێوان هیندستان و ناوەڕاست و ئەوروپا وەستاوەتەوە، بەوپێیەی پڕۆژەکە تورکیا لەڕێگای گواستنەوەی کاڵاکان بە تەواوەتیی پشتگوێ دەخرێت.

ڕۆژنامەکە، ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان داوایکردووە لەبری ڕێگای هیندستان- سعوودییە بۆ ئیسرائیل، پاڵپشتی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق بکرێت، ئەویش بە گواستنەوەی کەلوپەل لە هیندستانەوە بۆ کەنداو، پاشان بەندەری فاوی عێراق، پاشان تورکیا، کە پلانەکە پشت بە 1200 کیلۆمەتر هێڵی ئاسنی خێرا و ڕێگایەکی هاوتەریب دەبەستێت، بەڵام چاودێران دەڵێن بەهۆی فاکتەری ئەمنیی و داراییەوە نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق هەیە.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق بەدەست گەندەڵییەکی بەربڵاو و تێکچوونی ژێرخانی ئابووریی و حکومەتێکی لاواز و بەردەوامیی ناسەقامگیری سیاسییەوە دەناڵێنێت، هەروەکڕوون نییە عێراق چۆن پارەی ئەو پڕۆژەیە دابین دەکات، کە لانیکەم پێویستی بە 27 ملیار دۆلارە.

ڕۆژنامەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان لە عێراق و نزیکبوونەوە لەگەڵ ئێران وایکردووە دوور بێت لەو پلانە گەشەپێدانانەی کە چین لەڕێگەی پرۆژەی ڕێگای ئاوریشمیان دەوڵەتانی کەنداو و ئەوروپا لەڕێگەی پرۆژەی ڕێڕەوی بازرگانی نێوان هیندستان و ئەوروپا کێبڕکێی بۆ دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق پێویستیی بە حکومەتێکە کە لەئەمرۆ زووتر نییە بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی