سه‌رۆكى ئازەربایجان داواى خۆ ڕاده‌ستكردنى هێزه‌كانى ئه‌رمینیا ده‌كات

جیهان

20/09/2023‌ 1140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆكی ئازەربایجان به‌وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاى ڕاگه‌یاند، مەرجی پێشوەختەیان بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانیان بۆسەر ئەرمینیا لەناوچەی قەرەباغ، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانى هێزەكانی ئەرمینیایە.


ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەمەبەستی ڕاگرتنى هێرشەكانی ئازەربایجان بۆ سەر سوپای ئەرمینیا لەناوچەی قەرەباغ، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان ئەنجامدا.

نوسینگەی سەرۆكایەتی ئازەربایجان لەڕایگەیاندراوێكدا ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ ئیلهام عەلیێڤ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشتوە، كە ئەنتۆنی بلینكن داوای ڕاگرتنی هێرش‌و شەڕەكانی كردوە، بەڵام  ئیلهام عەلیێڤ وتویه‌تى، مەرجی پێشوەختەی ڕاگرتنی هێرشەكان بۆسەر ئەرمینیا لەناوچەی قەرەباغ، خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانى هێزەكانی ئەرمینیایە".

سەرۆكی ئازەربایجان وتویه‌تى، "هێزەكانی ئازەربایجان بۆردومانی خەڵكی مەدەنی‌و دامەزراوە ژێرخانەكانی ئەرمینیا ناكەن‌و تەنها ئامانجمان هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتەیە لەناوچە قەرەباغ".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئاژانسی هەواڵی (ئارمێنپرێس)ی ئەرمەنستان بڵاویكردۆته‌وه‌، لەئەنجامی بۆردومانەكانى ئازەربایجان، حەوت هاوڵاتیی مەدەنی لەقەرەباخ كوژراون، كە سێ ژن‌و دوو منداڵ‌و دوو پیاون له‌كاتێكدا هیچ هێزێكی سەربازیی ئەرمەنستان لەناوچەی قەرەباخ بونیان نییە.

دوێنێ ئازەربایجان هێرشێكی سەربازیی لەناوچەی قەرەباغ دەستپێكردو داوای خۆ ڕادەستكردنی تەواوو بێ مەرجی هێزەكانی ئەرمینیای كرد، كە لەو هێرشەدا ئازەربایجان زیاتر لە60 شوێنی لەناوچەی قەرەباغ داگیركردو زیاتر لەحەوت هەزار هاوڵاتیی ئەرمەنیش لەو ناوچانە ئاوارەبون.