په‌رله‌مانتارێكى عه‌ره‌ب زانیارییه‌ك له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

21/09/2023‌ 1882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى عه‌ره‌ب زانیاریى سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ى خانەنشینانی پلەباڵای هەرێم ئاشكرادەکات‌و بەراوردی دەکات بەژمارەی خانەنشینانی عێراق، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌51%ی هەموو خانەنشینانی پلە تایبەت‌و باڵای عێراق لەهەرێمی کوردستانن"، ده‌شڵێت، "هەموو عێراق 49%ی خانەنشینانی پلە باڵای هەیە، به‌ڵام بەتەنها سێ پارێزگاى هه‌رێم هێندەی هه‌موو عێراق بەس خانەنشینی پلەباڵای هەیە".


یوسف کیلابی پەرلەمانتاری سەربەخۆو ئەندامی لیژنەی دارایی‌و ئابوری پەرلەمانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (عێراق24)، ئاماژە بەدوا پەرەسەندەنەکانی دۆسێ‌و پرسە ناکۆکیی لەسەرەکانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا كرد.

کیلابی وتویه‌تى، "حکومەتی هەرێم هێشتاش سورە لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوی خۆیی‌و سەرباری نەرمیی نواندنێکی زۆری حکومەتی ناوەند، ئامادەنییە پابەندبێت بەیاسای بودجەوەو داهاتەکانی ئاشکرابکات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دژایەتیی خۆی بۆ پێدانی قەرز بەحکومەتی هەرێم نیشانداو ڕایگەیاند، "ئەو قەرزە نایاساییەو گوزارشت لەهەنگاوێکی شەخسیی دەکات".

سەبارەت بەدۆسێی خانەنشینانی تایبەت‌و پلەباڵا، كیلابى ده‌ڵێت، "لەهەموو ئەوانەش خراپتر، لەسەدا پەنجاو یەکی هەموو خانەنشینانی پلە تایبەت‌و باڵای عێراق، واتە لەبەڕێوەبەری گشتیی بۆ سەرەوەو ئەوانەی لەگروپی (ئەلف)دان، لەهەرێمی کوردستانن، هەموو عێراق 49%ی خانەنشینانی پلە باڵای هەیەو بەتەنها سێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم هێندەی هه‌موو عێراق بەس خانەنشینی پلەباڵای هەیە".