شارپرێس:
وەزیری بەرگری تورکیا هه‌ڕه‌شه له‌سلێمانى ده‌كات‌و په‌یامێك بۆ بافڵ تاڵه‌بانى ده‌نێرێت، ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانى پشت له‌په‌كه‌كه نه‌كات، ڕەوشی داهاتوو لەبەرژەوەندیی سلێمانی نابێت".
ڕۆژنامه‌ى میللیه‌تى توركی له‌هه‌واڵێكدا كه میدیاى نزیك له‌پارتى بڵاویكردۆته‌وه نوسیویه‌تى، یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا دەربارەی زیادبونی هەماهەنگییەکانی پەکەکە لەسلێمانی وتویه‌تى، "بەردەوام هۆشداریی بەبافڵ تاڵەبانی دەده‌ین واز لەپشتگیریکردنی پەکەکە بهێنێت‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە بپچڕێنێت، ئەگەرنا ڕەوشی داهاتوو لەبەرژەوەندیی سلێمانی نابێت".
گولەر ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه، چاودێریی جموجۆڵه‌كانی یەکێتی دەکەین‌و تێبینییەکانی خۆشمان بەعێراق‌و پارتی دەدەین".
وەزیری بەرگری تورکیا باسى له‌وه‌كردوه، "ئێمه چەندینجار هۆشداریمان بەیەکێتیداوە، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانیش پەیوەندییەکانمان بەتەواوی لەگەڵ یەکێتی پچڕاندوە".