ئایا گەڕانەوەی ترشەڵۆکی سورێنچک پەیوەندیی بەنەخۆشیی شێرپەنجەوە هەیە؟

تەندروستی

23/09/2023‌ 1382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پەیمانگه‌ی کارۆلینسکای سویدی ئاشکرایکردوە، زۆرینەی ئەوکەسانەی توشی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی سورێنچک دەبن، هیچ پەیوەندییەکیان بەزیادبونی مەترسیی توشبون بەنەخۆشیی شێرپەنجەوە نییە.


بەگوێرەی پێگەی مێدیکاڵ ئێکسپرێس، ئەم ئەنجامە پێچەوانەی ئەو پەیوەندییە ناسراوەیە لەئەدەبیاتی پزیشکییدا لەنێوان گەڕانەوەی ترشی سورێنچک‌و شێرپەنجەی سورێنچک ناسراوە.

توێژینەوە نوێیەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە زۆر بەرفراوان بوە، بەوپێیەی لەسێ وڵاتدا ئەنجامدراوە کە بریتین لەسوید، دانیمارک‌و فینلاندو داتای 285 هەزار نەخۆشی لەخۆگرتوە کە توشی گەڕانەوەی ترشی سورێنچک بون، کە بەشێوەی ئیندسكۆپی پشکنینیان بۆ کراوە.

توێژەران مەترسیی توشبون بەشێرپەنجەی سورێنچکیان بەراورد کردوە لەگەڵ تاکەکانی گشتیی دانیشتوان کە بەگوێره‌ى تەمەن‌و ڕەگەز هاوتابون، لەهەمان ماوەی ئەو سێ وڵاتەدا، لەئەنجامدا هیچ مەترسییەکی زیادبونی شێرپەنجەی سورێنچک لەنەخۆشانی توشبوو بەگەڕانەوەی ترشی سورێنچکدا بەدینەکراوە.

داگ هۆڵمبێرگ، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەمە ئەنجامێکی جێگەی ڕەزامەندییە، چونکە نەخۆشیی گەڕانەوەی ترشەڵۆک حاڵەتێکی زۆر باوو ئاساییە، بۆمان دەرکەوتوە کە زۆربەی نەخۆشەکان لینجە مادەیەکی تەواو ئاسایییان هەبوە کاتێک گەدەیان بەئیندسكۆپى پشکنینیان بۆکراوە".

و: ئاکۆ ئاڵی