ڕۆژنامەی عەرەبی لەندەنی: پارتی لەترسی تەقینەوەی جەماوەریی پەنا بۆ پیاوانی ئایینی دەبات

کوردستان

24/09/2023‌ 9750 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "عەرەب" کە بارەگاکەی لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی "خێزانی بارزانیی لەپێشبینیی پشێویی جەماوەریدا پەنا بۆ پیاوانی ئایینی دەبەن" بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەترسی ناڕەزایی‌و تەقینەوەی جەماوەریی بەڵێنی باشترکردنی بارودۆخی  زانایانی ئایینی‌و پاراستنی مافەکانیانیداوە، ئەوەش لەکاتێکدا هەرێم خۆی بەئاستەنگی داراییدا تێدەپەڕێت کە خەریکە قەیرانێکی کۆمەڵایەتییشی لێدەکەوێتەوە.


ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دەیەوێت یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی‌و هێزە ئاینییە جەماوەرییەکانی تری پارێزگاکانی دهۆک‌و هەولێر بۆ لای پارتی ڕابکێشێت بەئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانیی ئەو قۆناغە سەختەی ئێستا  هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت بەهۆی ناکۆکییە داراییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی.

هەروەک دەڵێت، "یەکێکی تر لەئامانجەکانی ڕاکێشانی هێزە ئاینییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییە جەماوەرییەکانە کە لەئەنجامی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی دانیشتوانەوە سەرهەڵدەدات، ئەوە جگە لەڕێگریکردن لەتەقینەوەیەکی جەماوەری گشتگیر، هاوشێوەی ئەوەی لەچەند ساڵی ڕابردودا ڕویدا کاتێک هەزاران کەس لەشارە گەورەکانی کوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی بەهۆی ئەو ناڕەحەتییە داراییەی کە هەرێم توشی بوو لەدژی بارودۆخی ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیی‌و نەدانی موچەی فەرمانبەران، خۆپیشاندانیان کرد.

عەرەبی لەندەنی هەروەک دەڵێت، "پارتە ئایینییەکان لەهەرێمی کوردستان خەسڵەتێکیان هەیە کە دزە دەکەنە ناو پەیکەری کۆمەڵگەوە وەک کۆمەڵە خێرخوازییەکان‌و خانەی چاودێریی بێسەرپەرشتان‌و تەکیەو مزگەوت‌و شوێنەکانی ترەوە، ئەمەش وایانلێدەکات بێئەوەی ڕەچاوی قەبارەی دەنگی پەڕلەمانیان بکرێت ڕۆڵێکی گرنگ لەشەقامدا بگێڕن".

لەکۆتاییشدا هۆشدارییداوە لەوەی لەحاڵەتی بەردەوامیی ناکۆکییە نەوتییەکانی نێوان عێراق‌و تورکیا، ڕەنگە لێکەوتەکانی سەربکێشێت بۆ سەرهەڵدانی جەنگی ئەهلیی لەهەرێمی کوردستان کە دواتر هەموو وڵاتەکە بگرێتەوە.