شارپرێس:
سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لهساڵیادى ڕیفراندۆمو لهڕێگهى میدیاى نزیك لهپارتیهوه ڕایدهگهیهنێت، "ئێمە نەک پەشیمان نین، بەڵكو 100 جاری دیکەش ڕیفراندۆم بکرێ، پشتیوانیی لێدەکەینو دەنگی بۆ دەدەین"، دهشڵێت، "من خودی خۆم، خۆم بە عێراقی نازانم".
محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "هەر میللەتێک داوای ئازادیو سەربەخۆیی بکات، تا لەژێردەستەیی ڕزگاریی ببێت، ڕەنگە باجی قورسیش بدات، ڕیفراندۆم هەنگاوێکی گرنگبوو لەمێژوی میللەتەکەماندا، چونكە یەکەمجار بوو بەمشێوەیە داوای سەربەخۆیی بكا".
دهشڵێت، "لەمێژودا نییە میللەتێک بەدەستی سەرانی وڵاتەكەی ئاوای بەرامبەر کرابێت، ئەمەی بەرامبەر کورد کراوە شتێکی دەگمەنە لەدونیادا، کورد مافی سەربەخۆییو ئازادیی هەیەو نابێ لەسەر خاکی خۆی بەمیوان بزانرێت، داهاتی نەوتو خاکو بەردی حەڵاڵی خۆیەتیو حەرامی هەرکەسێکی دیکەیە لەم دونیایە".
لەبارەی پەشیمانبونەوەی هەندێك كەسو لایەن لەڕیفراندۆم، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، "لەچی پەشیمان بین؟ ئایا لەسەر داوای ڕەوای خۆمان پەشیمان بین؟ نەخێر، ئێمە نەک پەشیمان نین، بەڵكو 100 جاری دیکەش ڕیفراندۆم بکرێ، پشتیوانیی لێدەکەینو دەنگی بۆ دەدەین، من پێموایە ڕیفراندۆم کارتێکی زۆر گەورەو بەهێزەو چەندینجاریش باسمکردوە، تاپۆیەکی ڕەشە لەگیرفانی هەر تاکێکی کورددا".
محهمهدى حاجى مهحمود وتویهتى، "ئێستا کارتی ڕیفراندۆم بۆمان گرنگە، چونکە ئێستا حكومەتی فیدڕاڵی، کورد بەعێراقی نازانێت، لەنێو چوارچێوەی ئیدارەدا کوردی دانەناوە، بۆ ئەوەی بودجە بەکورد بدات، بەڵکو تائێستا قەرز بەهەرێم دەداتو وەک وڵاتێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەکات، هەروەها تائێستا پێشوازیی لەکورد ناکاتو ناهێڵێت داهاتی بەروبومی جوتیاران بچێت بۆ ناوچە عەرەبییەکان، ڕێگەنادات جوتیارەکانمان گەنمەکانیان بەوان بفرۆشن، ئەگەر بشیفرۆشێت پارەکەی دوادەخات، واتا کورد بەعێراقی نازانێت، بۆیە پێموایە ئێستا کاتی بەکارهێنانی کارتی ڕیفراندۆمەو گرنگیشە بەکاریبهێنین، چونکە ئەم عێراقە كە هیچ مافێک بەکورد نادا، مانای ئەوەیە ئێمەی قبوڵ نییە، هەرچەندە من خودی خۆم، خۆم بەعێراقی نازانم".
