​ لەرۆژئاوای كوردستان بەهۆی هێرشەكانی توركیا هەزاران قوتابی لەخوێندن بێبەشبوون

ڕاپۆرت

24/09/2023‌ 777 جار خوێندراوه‌ته‌وه


  شارپرێس-  كەنداڵ جودی:

لە ڕۆژئاوای كوردستان بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی دەوڵەتی توركیاوە بۆ سەر قوتابخانەكان، دەیان قوتابخانە وێران بوون و هەزاران قوتابی لە خوێندن بێبەش كراون.

 لە ڕۆژئاوای كوردستان ساڵی خوێندن لە 10ی ئەیلول دەستی پێكرد.  بەشێوەیەكی گشتی لە سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەردا، ئەمساڵ زیاتر لە 800 هەزار خوێندكار لە هەموو ئاستەكانەوە چوونەتە قوتابخانە.

لە هەرێمی جزیرەی ڕۆژاڤای كوردستان، بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا، ئەمساڵ دەیان قوتابی ناتوانن بچنە قوتابخانە.

زیرگان
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتوون، لە ناحیەی زیرگانی دەڤەری سەرێكانی داگیركراو كە بە بەرەی شەڕ ناسراوە، ٨١ قوتابخانە هەن،  بەڵام لە كۆی ئەو ٨١ قوتابخانەیە، ئێستا تەنها ٤٠ قوتابخانە كراوەن و ٣٥ قوتابخانەش لە ژێر داگیركاری دەوڵەتی توركیادان ‌و بەشێكی زۆریان لەناوچوون.

 لەگەڵ كردنەوەی قوتابخانەكان لە ئەمساڵ، حەوت هەزار و ٢٤٠ قوتابی لە خوێندن بێبەشن و ناتوانن بچنە قوتابخانەكانیان بەهۆی داگیركردنی گوندەكانیان و هێرشە بەردەوامەكانی دەوڵەتی توركیا.

 تل تەمر
 هەروەها لە ناحیەی تل تەمر سەر بە حەسەكە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست شارپرێس كەوتووە، ژمارەی قوتابخانەكانی سەرتاسەری ناحیەی تل تەمر ١٢٦ قوتابخانەیە.  لەو قوتابخانانە ئەمساڵ تەنها 85 قوتابخانە كراونەتەوە، 26 قوتابخانەش لەژێر داگیركاری دەوڵەتی توركیادان.

 بەگوێرەی زانیارییەكانی شارپرێس، ژمارەی قوتابیانی قەزای تل تەمر 7000 خوێندكارە، لەو ژمارەیەش ئەمساڵ تەنها 4738 خوێندكار دەخوێنن، بەڵام 2262 خوێندكاری دیكە ئەمساڵ بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی توركیاوە ناتوانن خوێندنیان دەست بكەوێت.

 بەشێوەیەكی گشتی نۆ هەزار و ٥٠٢ قوتابی لە دەڤەری جزیرە بەتایبەتی لە ناحیەی تل تەمر و زیرگان كە ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە هێرشیان دەكرێتە سەر، ئەمساڵ بەهۆی هێرش و داگیركارییەكانی توركیا ناتوانن بچنە قوتابخانەكانیان.

 شارپرێس لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەم بابەتەی گەیاندە هاوسەرۆكی دەستەی پەروەردەی هەرێمی جەزیرە لە ئیدارەی خۆسەر گوڵستان ئیسماعیل، ئەو گوتی "هەوڵدەدەین ئەو منداڵانە پەروەردە بكەین كە قوتابخانەكانیان وێران بووە و ئەوانەی داگیركراون. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش هەوڵدەدەین ئەو منداڵانە لە قوتابخانە نزیكەكانیان دابنێین‌و بەشێكی دیكەش لەماڵەكاندا قوتابخانە دەكرێنەوە و مامۆستایان بۆ دابین دەكەین".

گوڵستان ئیسماعیل ڕایگەیاند: هەوڵەكانمان ئەوەیە كە منداڵەكانمان بێ خوێندن نەڕۆن، بەڵام ئەوەی ڕێگری لە كارەكانمان دەكات، هێرشە بەردەوامەكانی دەوڵەتی توركیایە، بەتایبەت ئەوانەی لە نزیك هێڵی پێشەوەن لە قەزای تل تەمر و زیرگان.

 لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ناحیەی تل تەمر و زیرگان بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەی سەرێكانی سەر بە كانتۆنی حەسەكە، رووبەڕووی هێرشی زۆر بوونەوە.

 لە ساڵی ٢٠١٩ توركیا هێرشی كردە سەر ناوچەی سەرێكانی و گرێ سپی،  لەو ڕۆژەوە بەردەوام گوندەكانی سەر بە ناحیەی زیرگان سەر بە شاری سەرێكانی و تل تەمر سەر بە شاری حەسەكە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە هێرشیان دەكرێتە سەر.  بەهۆی ئەوەوە منداڵان ڕۆژانە بە ترسەوە دەچنە قوتابخانەكان.