شارپرێس-
ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 50 ترلیۆن دینار قەرزدارە، كە دەكاتە بەشەبودجەی زیاتر لە 3 ساڵی حكومەتی هەرێم.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"بە پێی قسەكانی وەزیری دارایی عێراق لە ناو لیژنەی دارایی، هەرێم زیاد لە پشكی خۆی (لە سەروو پشكی خۆیەوە) 5 ترلیۆن و 200 ملیاری وەرگرتووە."
دەشڵێت "دوای سەردانی وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی، سودانی موافەقەتی كردووە بۆ ماوەی سێ مانگ 2 ترلیۆن و 100ملیارمان بدەنێ، لە ڕێگەی بانكەكانی (TBI، ڕافیدەین و ڕەشید) ، هەرچی بانكی TBIیە 2 ترلیۆن و نیوی لای حكومەتە، پێنج 400 ملیاریشمان پێشتر بە قەرز وەرگرتووە ( پێنج كەڕەت 400 ملیار) ، كە دەكاتە دوو ترلیۆن دینار."
دەشڵێت "پێشتریش سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2021 رایگەیاندبوو، هەرێم 31 ملیار دۆلار قەرزدارە. بە پێی قسەی ئەم كابینەیەش بێت حكومەت 2 ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا 29 ملیار دۆلارەكەی تر ماوە كە دەكاتە نزیكەی (43.500 ترلیۆن و پێنج سەد ملیار) دینار."
لە یاسای بوودجەی عێراق، پشكی كورد بە ڕێژەی لە سەدا 12.67% دیاری كراوە، كە دەكاتە 16 ترلیۆن و 498 ترلیۆن دینار لە ساڵێكدا.
بەپێی لێدوانی بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەو 2 ترلیۆن و 100 ملیارەی (كە دەكاتە سێ كەرەت 700 ملیارە)ی كە حكومەتی عێراق بڕیاریداوە وەك قەرز بیداتە حكومەتی هەرێم، لە ڕێگەی هەریەكە لە بانكەكانی ,TBI) ڕافیدەین و ڕەشید) سوودی دەچێتە سەر، پێشتریش ئەو بانكانە بە سوودی لە 4% قەرزیان بە حكومەتی عێراق داوە.
ئەو پارانەی كە حكومەتی هەرێم قەرزدارە، پێكهاتووە لە پشكی كۆمپانیاكان، پارەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران، و ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی هەرێم لە ناوەندی وەرگرتووە وەكوو قەرز.
سەرچاوەیەكی باڵای حكومەتیش لە وەزارەتی دارایی كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، سەرەڕای ئەوەی نەیشاردەوە حكومەت قەرزدارە، گوتیشی ،"ئەنجامی كۆبوونەوەكان بە دڵی ئێمە نەبوون وەك وەفدی هەرێم."
سەرچاوەكە ڕایگەیاند،"ڕاستە حكومەت قەرزار بووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەمساڵ هەرچۆن بێت بودجە تێپەڕێت، خەرجی كرداری لە یاسای بودجە زۆر بە زەرەری ئێمەیە، دەمانەوێت مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی خەرجی كرداری نەكرێت".
دەشڵێت،"دەمانەوێت، كێشەكان بە سیاسی چارەسەر بكەین چونكە كێشەكان سیاسین. لە ساڵی تازەدا گفتوگۆ دەستپێدەكەین، چونكە لەیاسای بودجەدا، بۆمبی زۆر بۆ كورد دانراوە."
هەرچەندە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، دۆخەكەی بە مەترسی لەسەر حكومەتی هەرێم ناو برد، بەڵام ڕایگەیاند، ئەگەر حكومەتی عێراق داوای قەرزەكانیشی بكاتەوە، پێدەچێت بەشێوەی قیست و مانگانە بێت، نەك هەموو بەشە پشكی هەرێم ببڕێت.
ڕاشیگەیاند "ئەگەر لێپرسینەوە لە هەرێم بكەن لەسەر ئەوەی قەرزی وەرگرتووە، دەبێت پاكتاو بكرێت، پێدەچێت بە قیست وەری بگرنەوە."
