ئایا جیهان بەرەو هەڵگیرسانی سێیەم جەنگی جیهانیی دەڕوات؟

جیهان

25/09/2023‌ 2919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێست لەڕاپۆرتێکی شیکارییدا ئەو سیناریۆیانەی ئاشکراکردوە کە ڕەنگە ببنە هۆی هەڵگیرسانی سێیەم جەنگی جیهانیی، بەتایبەتی لەژێر سایەی بەردەوامیی جەنگی نێوان ئۆکرانیاو ڕوسیاو پشتیوانیی ڕۆژئاواییەکان لەئۆکرانیا.


لەڕاپۆرتى گۆڤاره‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌، ڕۆژئاواییەکان پێیانوابوو سزا ئابورییەکان، ڕوسیا شەکەت‌و ماندوو دەکات، بەڵام هەرزوو لەبەهاری ساڵی 2022 بۆیان دەرکەوت کە ئابوریی ڕوسیا بەو شێوەیە کاریگەریی سزا ئابورییەکانی نەکەوتەسەر وەک پێشبینیان دەکرد، هەروەک هەندێکی تر پێیانوابوو نەبونی پشتیوانی جەنگ‌و زیانە ئابورییەکان، ڕای گشتیی ڕوسیا دژ بەسەرۆکی ئەو وڵاتە دەجوڵێنێت، بەڵام ئەوەش ڕوینەدا، بەڵکو هێشتا ڕوسەکان شانازی بەسەرکەوتنیان بەسەر داگیرکاریی نازییەکان دەکەن لەجەنگی مێژویی ستالینگراد، هەرچەندە زیانەکان لەوکاتەدا بێشومار بون.

کەواتە ئەو سیناریۆیانە چین کە ڕەنگە ببنە هۆی هەڵگیرسانی سێیەم جەنگی جیهانیی؟
گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێست لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، هەر هەوڵێکی جددی بۆ چونە ناو زاپۆرۆژێ، خێرسۆن‌و ناوچەکانی دەوروبەریان لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ڕوسیا چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بەکاربهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی.

دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕوسیا چەندینجار ئەمەی پشتڕاستکردۆتەوە.

ئەگەری هەیە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ) ناچاربێت مادەی پێنجەم لەبەڵگەنامەی هاوپەیمانێتیەکە کارابکات ئەگەر موشەکێکی دورمەودای ڕوسی بگاتەناو وڵاتێکی ئەوروپی دراوسێی بەهۆی هەڵە ئاراستەکردنەوە وەک پۆڵەندا، لەئەنجامیشدا زیانی مادی‌و گیانی لێبکەوێتەوە.

ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا درێژەبکێشێت، ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتانی دیکەش بەشداریی تێدابکەن، وەک ئەوەی لەیەکەم ساتەوە ئاشکرابوو کە بێلاڕوس لایەنگریی ڕوسیا دەکات، هەروەک هەرچەندە چین بێلایەنە، بەڵام ڕەنگە پەیوەندی بەڕوسیا بکات‌و ڕەنگە کۆریای باکوریش بەهەمانشێوە.

ڕاپۆرتەکە پێیوایە چانسی دەربازبون لەم سیناریۆیانە، پەیوەستە بەگەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەوپێیەی بەدڵنیایی ناوبراو هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا دەوەستێنێت‌و بەمشێوەیەش ئاگربەستێکی زۆرەملێ ڕودەدات.

لەکۆتاییشدا ڕاپۆرتەکە هۆشدارییداوە لەوەی کە ڕەنگە درێژەکێشانی جەنگ ببێتە هۆی برینداربونی "ورچی ڕوسیی"، ئەوەش مەترسییەکەیە.