شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند هێزەكانیان لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا سەركردەیەكی داعشیان دەستگیركردووە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە ئاشكرایكرد، هێزەكانیان لە ئۆپەراسیۆنێكدا لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریا سەركردەیەكی رێكخراوی تیرۆرستی داعشیان دەستگیركردووە، ئەوەش لە رێگای دابەزینی هێزەوە بە هێلێكۆپتەر.
بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، ئەو سەركردەیەی داعش ناوی ئەبو هەلیل فەدعانییە و بەرپرسی ئۆپەراسیۆن و كارئاسانی بووە لە رێكخراوەكە لە سوریا و هاوكات پەیوەست بووە بە تەواوی تۆڕی رێكخراوەكەوە لە سوریا.
وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا دەڵێت: دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەی داعش كارئاسانی دەكات بۆ دیاریكردنی شوێنی تیرۆرستان و كردنەئامانجیان و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانەكانی جەنگدا.
دەشڵێت: لەو ئۆپەراسیۆنەدا هیچ هاووڵاتییەكی سڤیل نەكوژراوە و بریندار نەبووە.