شارپرێس:
درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاگر لەهۆڵێکی ئاهەنگگێران له‌قه‌زای حه‌مدانییه کەوتەوەو زانیاریه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، زیاتر لە 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و نزیکەی 150 کەسی دیکەش بریندارن‌و ته‌ندروستى زۆرێك له‌برینداره‌كانیش له‌مه‌ترسیدایه.
به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، تائێستا ئامارێکی دروست لەبەر دەست نییە، چونکە لەکاتی ڕوداوەکەدا تەرم‌و بریندار بۆ شوێنی جیاواز گوازراونەتەوە، ژمارەیەکیان ڕەوانەی هەولێر کراون‌و هەندێکی دیکەشیان لەنەخۆشخانەی حەمدانییەن.
باس له‌وه‌شده‌كرێت، "تەرمی ژمارەیەک کەس سوتاون‌و تائێستا نەناسراونەتەوە، بوکەکە یەکێکە لەوکەسانەی تائێستا نازانرێ گیانی لەدەستداوە یان بریندارە، چونکە بەهۆی سوتانی جەستەیان ناناسرێنەوە".
شەوی ڕابردوش سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم تیمەکانی بەرگری شارستانی‌و تەندروستی ڕاسپاردوه بەهانای لێقەومانەوە بچن.
لاى خۆیشیه‌وه سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حکومەتی هەرێم لەڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ڕایگەیاندوە، "ژمارەیەکی زۆری ئەمبوڵانس‌و تیمەکانی فریاکەوتن چونەتە قەزای حەمدانییەو بریندارانی ڕوداوه‌كه‌ش له‌شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌رده‌كرێن".
شه‌وى ڕابردوو لە قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا ئاگر لەهۆڵێکی ئاهەنگگێران کەوتەوەو به‌گوێره‌ی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و زیاتر له150 كه‌سیش سوتاون‌و بریندارن‌و ته‌ندروستى 60 كه‌سیش له‌سوتاوه‌كان له‌مه‌ترسیدایه، له‌و ئاهه‌نگه‌دا نزیكه‌ى هه‌زار كه‌س به‌شداربون.
