بەرەیەكی فراوان لەدژی هەسەدە و ئەمریكا لەدێرزۆر دەست بەجوڵە دەكات

ڕاپۆرت

27/09/2023‌ 2829 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

  شارپرێس- كەنداڵ جودی:

گروپە چەكدارەكانی پشتیوانیكراو لەلایەن ئێران و ڕژێمی سوریا و توركیاو ڕوسیا جارێكی دیكە دەستیان بەهێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی ژێردەستی هەسەدە و ئەمریكا لە دێرزۆر كردەوە، بە ڕای شارەزایان ئەمە دەرخەری پێداگری ئەو لایەنانەیە لەسەر دوورخستنەوەی ئەمریكا لەناوچەكە، بەڵام ئەمریكا چ دەكات؟ جارێ روون نییە.

دەستپێكردنەوەی هێرشی چەكدارانی ئیبراهیم حەفیل كە لەلایەن ڕژێمی سوریا و ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت بۆ سەر ناوچەكانی دێرزۆر دووبارە ئەم بابەتەی كردەوە رۆژەڤ.

گرنگی دێرزۆر

پارێزگای دێرزۆر لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەسەر سنووری عێراق هەڵكەوتووە، پارێزگایەك گرنگییەكی ستراتیژی هەیە لە شەڕی سەدەی بیست و یەكدا، بۆیە هەر دەسەڵاتێك بتوانێت بەسەر تەواوی دێرزۆردا زاڵ بێت، دەتوانرێت بگوترێت كە سوریا بۆی خۆی دابڕ دەكات، بەڵكو دەشبێتە دەروازەی گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست بۆ ئێران.

لە لایەكی دیكەوە ئەمریكا ئێستا لە ئامانجی ئێران تێگەیشتووە و دەیەوێت شاری بوكەمال لەسەر سنووری عێراق تا بنكەی تەنەف كۆنترۆڵ بكات، بۆ ئەوەی ئێران بە ئاسانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە سوریا نەجووڵێـت.

ناوچەكانی دێرزۆر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لەژێردەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە و بنكە ئەمریكییەكانیش لە كێڵگەی نەوتی عومەر دان.

 لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، تا سنووری عێراق، بە ناوەندی شاری دێرزۆریشەوە، لەژێر دەسەڵاتی لایەنگرەكانی ئێراندایە‌و ڕژێمی سوریاش خۆی بەبێ ئێران ناتوانێت لەو ناوچەیەدا چالاكی بكات.

هێرشەكان بەردەوام دەبن
٢٧ی ئابی ڕابردوو، كاتێك فەرماندەیی هەسەدە لەسەر بانگەوازی خەڵكی دێرزۆر، فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرزۆری لە كارەكەی دوورخستەوە، شانەكانی ڕاغب نەواف بەشیر، سەر بە ڕژێمی سوریا و ئێران، دەیانویست ئەمە بەكاربهێنن و وەك شەڕێك لە نێوان كورد و عەرەبدا ڕایبگەیەنن.

سەرۆكی هۆزی عەگێدات ئیبراهیم حەفیلیش كەوتە ئەم داوە و رادەستی ئەوان بوو، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت هێزەكانی سوریای دیموكرات و هۆزەكانی ناوچەی دێرزۆر توانیان ناوچەكانی دێرزۆر لە گروپەكانی سەر بە ڕژێمی سوریا و ئێران پاك بكەنەوە، بەڵام ئیبراهیم حەفیل بەرەو لای ڕۆژئاوای ڕووباری فورات كە لە ژێر دەسەڵاتی ئێران و ڕژێمی سوریادایە هەڵهات.

بۆیە ڕوونە كە ئێستا هێرشەكانی شانەكانی ئێران و ڕژێمی سوریا و لە پشتیانەوە ڕووسیا لە دژی هەسەدە لە دێرزۆر بەردەوام دەبێت.

هۆكاری سەرەكی هێرشەكانی سەر دێرەزۆر چییە؟
ئەگەر مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ مێژوو، ئامانجی سەرەكی ئەم سێ وڵاتە لە ڕابردوودا (ڕووسیا، ئێران، ڕژێمی سوریا) و توركیاش لەگەڵیاندایە، تەنها دوورخستنەوەی هەسەدە نییە لە ناوچەكە، بەڵكو ئامانجی سەرەكیان هەراسانكردنی هێزەكانی ئەمریكایە و ڕێگە بە ئەمریكا بدەن ناوچەكە بەجێبهێڵێت.

  بە واتایەكی دیكە  ئەوەی ڕوسیا و ئێران و ڕژێمی سوریا و توركیا كۆدەكاتەوە و لەسەر خاڵێك ڕێكدەكەون، دوورخستنەوەی ئەمریكایە لە ناوچەكە. بەرپرسانی ئەم دەوڵەتانە لە پێشوودا چەندین جار ئەم بابەتەیان دەربڕیوە، ڕەنگە هەریەكێك لەو دەوڵەتانە بیەوێت بەچۆڵكردنی ئەمریكا بەئامانجەكانیان بگەن، هەرچەندە ئامانجەكانیان لە سوریا دژی یەكدییە، بەڵام ئەمریكا و هێزەكانی هەسەدە وەك بەربەستی سەرەكی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە دەبینن.

 لەو چوارچێوەیەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ساڵی ڕابردوو داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی فورات كرد داوای لە ڕوسیا و ئێران كرد كە پشتیوانی لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بكەن.

بۆیە ئەمە بەو مانایەیە كە ئەو هێرشانەی كە لە داهاتوودا لە دێرزۆر بەردەوام دەبن، تەنیا ئامانجی سەرەكی هەسەدە نییە، بەڵكو دوورخستنەوەی ئەمریكایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات.

سەیوان سۆز: ئامانج ئەمریكایە
سەیوان سۆز، ڕۆژنامەنووسی پسپۆڕ لە كاروباری سوریا، توركیا و ئەرمینیا، بە شارپرێسی ڕاگەیاند، هۆكاری سەرەكی ئەم هێرشانە تەنها ئەوە نییە كە ڕژێمی سوریا دەیەوێت دەست بەسەر ئەو نەوتەدا بگرێت كە لە دێرزۆر هەیە، بەڵكو دەیانەوێت هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمەكە دووربخەنەوە "گرووپە چەكدارەكانی پەیوەست بە ئێران و ڕژێمی سوریا لەلایەن ڕوسیا پشتیوانی دەكرێن بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبكەن هێزەكانی ئەمریكا ناوچەكە بەجێبهێڵن".

سەبارەت بە پرسیاری ئایا ئەمریكا وەڵامی ئەم هێرشەی ئێران و ڕژێمی سوریا و ڕوسیا دەداتەوە، سەیوان سۆز گوتی: "هێشتا ڕوون نییە هێرشەكان زیاد بكەن، ئەمریكا هێزەكانی لەوێ دەكشێنێتەوە یان نا، لە2019، لە كاتی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر سەرێكانیێ و گرێسپی ئەمریكا لەوێ كشایەوە، بەڵام ئەمریكا دەیەوێت ناوچەی دێرزۆر بە ئارامی بمێنێتەوە".



یەپەگە: هێرشەكە شكستی هێنا
لەلایەكی دیكەوە، سیامەند عەلی بەرپرسی نێوەندی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشارپرێسی راگەیاند "گروپە چەكدارەكانی سەر بە ڕژێمی سوریا لە لای ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتەوە بەرەو لای ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەكە جوڵەیان كرد و بە قورسی هێرشیان كردە سەر شەڕڤانانی بەرگری لە ناوچەكە".
 رونیشیكردەوە "لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا شەڕێكی قورس ڕوویدا و دەیان چەكداری هێرشبەر كوژران و دەیان كەسیش بریندار بوون، جگە لەوەش سێ شەڕڤانی ئێمەش لە ئەنجامی وەڵامدانەوەكەدا شەهیدبوون".



بەپەلە