ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد بۆ عێراق دابین دەکرێت

عیراق

27/09/2023‌ 713 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە کە یەکێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان هەڵبژێردراوە بۆئەوەی ئینتەرنێت لەڕێگای مانگی دەستکردەوە بۆ عێراق دابین بکات.

کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بە رۆژنامەی سەباحی حکوومیی راگەیاندووە: ئینتەرنێتی مانگە دەستکردەکان لەو ئینتەرنێتەی ئێستا خێراترە، دەشڵێت؛ ئەو خزمەتگوزارییانەی کۆمپانیا جیهانییەکە پێشکەشی دەکات لە هی ئەو کۆمپانیایانە باشترە کە لەعێراقدا کاردەکەن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن روونیکردۆتەوە کە ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لەڕووی تەکنیکییەوە دانانی بۆ هاوڵاتیان ئاسانترە، بەڵام نرخی بەشدارییکردن تێیدا زۆر بەرزە.

باسی لەوەشکردووە؛ هەیام یاسری وەزیری گەیاندن لەگەڵ سێ کۆمپانیای جیهانیی لەپەیوەندییدا بووە کە خزمەتگوزارییەکانیان لە 50 وڵاتی جیهان پێشکەش دەکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو کۆمپانیایانە رەچاوی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و نرخی بەشدارییکردن و داهاتی تاک و دۆخی دارایی ئێستای عێراق دەکەن.

یاروەیس هەروەک  ڕوونیشی کردۆتەوە بەشداریکردن بۆ ئەم جۆرە ئینتەرنێتە بۆ هاووڵات یناچاریی نییە، بەڵکو بەپێی توانای هەر خێزانێک ئازاد دەبێت ئینتەرنێتی ئاسایی یان مانگی دەستکرد بەکاربهێنێت لە ماڵەوە یان کۆمپانیاکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی