شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی وتەبێژەكەی، لیوا کۆلۆنێل ڕیچارد هێختی هەموارکردەوە کە ڕایگەیاندبوو، "دەروازەی ڕەفەح لەگەڵ میسر بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئامۆژگاریی هەر کەسێک دەکەم کە بتوانێت بڕوات بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات." دوێنی سێشەممە و ڕۆژێک دوای بەیاننامەکە سوپای ئیسرائیل وتی "دەروازەی ڕەفەح دوێنێ کراوە بوو، بەڵام ئێستا داخراوە."
ئەم لێدوانە هەرچەندە ڕاستکرایەوە، بەڵام لەگەڵ پرسێکی زۆر هەستیار لە میسردا بەریەککەوت، کە پەیوەندی بە نیشتەجێبوونی فەلەستینییەکانەوە هەبوو لە نیمچە دورگەی سینا، پڕۆژەیەک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی1950ی سەدەی ڕابردوو، و لەلایەن هەموو سەرۆکەکانی میسرەوە ڕەتکراوەتەوە.
میدیا فەرمییەکانی میسریش لێدوانی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەیان بڵاوکردەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەو پێیەی لێدوانێکی توند بووە، تێیدا جەختی کردۆتەوە کە میسر زۆر بەتوندی هەموو هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە کۆنە رەتدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردبوو کە بابەتەکە بەلای میسریی و فەلەستینییەکانەوە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، جگە لەوەی بەشێک لە چاودێرانیش باسیان لەوەکردووە کە راستکردنەوەی لێدوانی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە مانای پاشەکشەی تەلئەبیب نییە لە بیرۆکەی دەرکردنی فەلەستینییەکان بۆ بیابانی سینا، بەڵکو تەنیا راستکردنەوەی زانیارییەکانی وتەبێژەکەیە کە وتویەتی دەروازەی رەفەح کراوەیە.
لەوبارەیەوە حەمید فارس، ڕاوێژکاری پێشووی کۆمکاری عەرەبی، ئەو هێرشانەی کرانە سەر دەروازەی ڕەفەح بە هەنگاوێکی خراپ وەسف کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە قاهیرە بە توندی وەڵامی هەر هەوڵێک دەداتەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی بەتاڵکردنەوەی غەززە لە دانیشتووانەکەی و ناچارکردنیان بۆکۆچکردن بەرەو میسر، لەوبارەیەشەوە دەڵێت:
" ئەو جوڵانەی ئیسرائیل هەنگاوی دیراسە نەکراون و وەزارەتی دەرەوەی میسریش وەڵامی توندیان هەبووە کە جەخت لەوە دەکاتەوە سنوورەکانی میسر بێ خاوەن نین، روونیشی کردۆتەوە کە پلانەکەی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی غەززە و رەوانەکردنیان بەرەو سینا بەتوندی وەڵام دەدرێتەوە، لەبەرئەوەی دەوڵەتی میسر بەردەوام کار لەسەر پاراستنی خاوڵاتیانی کەرتی غەززە دەکات".
هەروەک دەڵێت: ئیسرائیل پلانێکی روونی هەیە و نیازەکانی ئاشکران.. بەوپێیەی کاتێک سەرچاوەیەکی سەربازیی دەڵێت ڕووبکەنە میسر، کاتێکیش خەڵکی غەززە ڕووبکاتە میسر ئەوکات ئیسرائیل کەناری خۆرئاوا بەتەواوەتی گەمارۆ دەدات و زەوییەکانی کەرتی غەززەیان بەتەواوەتیی دەکەوێتەدەست، ئەوکاتیش پرسی فەلەستین کۆتایی دێت، کە ئەوەش لەلایەن گەلی فەلەستین و دەوڵەتی میسرەوە قبووڵ ناکرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی