چاوەڕێدەكرێت گورزێكی دیكە بەر ئابووری توركیا بكەوێت
شارپرێس:
بەهۆی لێدوانەكانی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بۆ پشتیوانیكردنی بزووتنەوەی حەماس و هێرشكردنەسەر ئیسرائیل، گەورە زنجیرە ماركێتەكانی ئیسرائیل بایكۆتركردنی بەرهەم و كاڵای توركییان راگەیاند.
ئەوە لەكاتێكدایە ئابووری توركیا لە رەوشێكی زۆر خراپدایە و بەهای لیرەی دراوی توركی بۆ نزمترین ئاستی لەمساڵدا دابەزی، ئەوەش بەرای شارەزایان بۆ سیاسەتە دەرەكییەكانی ئەردۆغان دەگەڕێنەوە.
ئەردۆغان لە ماوەی رابردوودا بەتایبەت لەژێر كاریگەری هەڵبژاردنەكان و داتەپینی ئابوورییەكەی و گووشارەكانی ئۆپۆزسیۆندا هەنگاوینا بەرەو باشكردنی سیاسەتەكانی دەرەوەی وڵاتەكەی بەتایبەت لەگەڵ میسر و وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل، بەڵام بەرای شارەزایان لێدوانە تووندەكانی ئەردۆغان دژی ئیسرائیل و كاردانەوەكانی، رەنگە گورزێكی دیكە لە ئابووری ئەو وڵاتە بوەشێنێت.
بەپێی سەرچاوەكان، بەشێك لە هاوردەكارانی جولەكە هاوردەكردنیان لە توركیاوە راگرتووە، بەوپێیەی لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا ئەو كەسانەی بەرپرسن لە پشكنینی خۆراكی گونجاو لەگەڵ بیروباوەڕی جولەكە، لە توركیا رۆیشتوون.
پێدەچێت فشاری گشتیی ڕۆڵێكی گرنگی هەبووبێت لە بایكۆتی بەرهەمە توركییەكان، بۆ نمونە زنجیرە فرۆشگاكانی ڕامی لیڤی تۆمەتباركرابوون بە فرۆشتنی تەماتەی هاوردەكراو لە توركیاوە لەبری تەماتەی ئیسرائیل، بەڵام كۆمپانیاكە ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە.
لای خۆیەوە یەكێتیی جووتیارانی ئیسرائیل لە نامەیەكدا كە ئاراستەی زنجیرە ماركێتەكان دەكات، داوای كردووە كە لەزگە لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەكان لە بازاڕەكاندا دابنێن و هاوسۆزی لەگەڵ ئەو جووتیارانە نیشان بدەن كە بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕەوە زیانیان بەركەوتووە.
دوابەدوای ئەو مشتومڕانەی پەیوەستن بە تەماتەوە، زۆرێك لە زنجیرە ماركێتەكان ڕایانگەیاند كە هاوردەكردنی تەماتە لە توركیاوە ڕادەگرن، هاوكات وەزارەتی كشتوكاڵیش لە بەیاننامەیەكدا لەسەر ئەو بابەتە ڕایگەیاند كە بەندەرەكانی ئیسرائیل پێشوازیی لەشەش كەشتی دەكەن كە سەوزە و میوەی لە توركیاوە هاوردەكردووە.
لەگەڵ ئەوەی توركیا بەردەوام لەڕووی میدیاییەوە بانگەشەی پشتیوانیكردنی دۆزی فەلەستین و دژایەتیی ئیسرائیل دەكات، بەڵام لەئێستادا توركیا لەدوای هەریەك لە چین و ئەمریكا و سویسرا و ئەڵمانیا، گەورەترین هەناردەكاری شمەك و كاڵایە بۆ ئیسرائیل، بەشێوەیەك تەنیا لەساڵی 2022 دا ئیسرائیل بەبەهای 7 ملیار دۆلار هاوردەی لە توركیاوە هەبووە.
هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل بریتییە لە ئاسن، گەنم، ئۆتۆمبێل، كەرەستەی كارەبایی ناوماڵ، خۆراكی دروستكراو و پێداویستییە پلاستیكییەكان.
ئامادەكردن: ئاكۆ ئاڵی