پەیامە توندەکەی ئەمریکا لەڕێگەی سودانیەوە گەیاندییە ئێران چی بوو؟

ڕاپۆرت

07/11/2023‌ 2822 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە نامەیەکی ئاگادارکردنەوەی توندی ئیدارەی ئەمریکای گەیاندە سەرکردایەتی ئێران و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد ئەمریکییەکان ئیتر خەریکە ئارامییان نامێنێت بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی کردنەئامانجی بنکە و بارەگاکانیان لە سوریا و عێراق لەلایەن میلیشیاکانەوە کە ئەمریکا دڵنیایە سوپای پاسداران لەپشت بەڕێوەبردنی ئەم میلیشیایانەوەیە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگاداری عێراقی، سودانی لە پەیامەکەیدا وا قسەیکردووە کە ئەمە ئاگادارکردنەوەی کۆتایی ئەمریکایە و لەو کاتەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتووەتە بەغدا سودانی لێئاگادار کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەرکی سودانی تەنها گەیاندنی پەیامەکەی ئەمریکا نەبووە بە ئێران، بەڵکو قەناعەتپێکردنی سەرکردایەتی ئێرانیش بووە تا سنوورێک بۆ میلیشیاکان و کردنەئامانجی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دابنێن لە عێراق، چونکە گەر وا نەکەن ڕوبەڕوی سزای توند دەبنەوە.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەکان، سودانی هەر بەوەوە نەوەستا چاوی بە سەرۆکی ئێران بکەوێت، بەڵکو داوای چاوپێکەوتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی کرد کە دەسەڵاتی کارای بەسەر سوپای پاسداراندا هەیە.

ئەم سەردانەی سودانی دوای ئەوە هات، بەغدا هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران تا قسە لەگەڵ سەرکردایەتی ئێران بکات هێرشی میلیشیاکان لە عێراق و سوریا بۆسەر بارەگای ئەمریکییەکان بوەستێنێت، بەڵام وەڵامی عەبدوڵلاهیان بێهیواکەر بوو کاتێک بە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی وت، "بەرفراوانبوونی جەنگی ئێستای غەززە بابەتێکە دەربازبوون لێی قورسە بەهۆی ئەو پشتیوانییە بێسنوورانەی ئەمریکا پێشکەش بە ئیسرائیلی دەکات".

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا مقاوەمەی ئیسلامی عێراق کە میلیشیا شیعەکان لەخۆدەگرێت و لە دیارترینیان بزوتنەوەی نوجیباءە، دووبارە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق ئەنجامدا و ڕایگەیاند، دەست بە پڕۆسەی ئازادکردنی خاکی عێراق دەکەن بە هێزی چەک، وەکچۆن هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژیشیان کرد بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

ئەم قسانەی مقاوەمەی ئیسلامی حکومەتەکەی سودانی توڕەکرد و وایلێکرد وەڵامی بداتەوە و بڵێت، "بڕیارە گەورەکان تەنها لە دەستی خۆیدایە" لێرەدا مەبەستی لە بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگ بوو دژی هەر لایەنێک.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، چەند سەرچاوەیەک ئەوەیان ئاشکراکردووە، واشنتن لەڕێی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و وڵاتانی ئیقلیمییەوە پەیامی ناردووە بۆ ئێران و حزبوڵای لوبنان و جەختی لەوە کردووەتەوە هێزەکانی ئەمریکا لەڕووی سەربازییەوە دژی هەر لایەنێک دەجەنگن کە هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل.

ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بلینکن پێش ئەوەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا عێراق بەجێبهێڵێت هۆشداری داوە لەوەی هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا و ئامانجی مەدەنی لە ناوچەکە وەڵامی هاوشێوەی دەبێت، جەختی لەوەش کردووەتەوە هێرش و هەڕەشەی میلیشیاکانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران هەرگیز قبوڵکراو نییە، وە هەموو کارێکی پێویست دەکەین بۆ پاراستنی تاکەکانمان لە عێراق، چ سەرباز بن یاخود کەسانی مەدەنی.