خەوی قوڵ کەسانی بەتەمەن لەم نەخۆشییە دەپارێزێت

تەندروستی

10/11/2023‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

توێژینەوەیەکی نوێی ئوسترالی باس لەوە دەکات کە زیادکردنی یان پاراستنی خەوی قووڵ دەتوانێت کەسانی بەساڵاچوو لە نەخۆشی خەڵەفان و لە بیرچوونەوە بپارێزێت.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، کەمبوونەوەی ڕێژەی خەوی قووڵ لە ساڵێکدا بەڕێژەی1% بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی60 ساڵەوەیە، دەبێتە هۆی زیادبوونی27%ی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە.

توێژینەوەکە لە زانکۆی مۆناش ئەنجامدراوە و توێژەران بۆماوەی 17 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ346 کەس کردووە کە تەمەنیان لە سەرووی60 ساڵەوەیە.

بەگوێرەی "تۆڕی گاما"، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێژەی خەوی قووڵ بە هێواشی لەگەڵ تەمەندا کەمدەبێتەوە و لەم ماوەیەشدا52 کەس لە بەشداربووان تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بوون.

لەگەڵ گۆرینی تەمەن، ڕەگەز، هۆکارە بۆماوەییەکان، دۆخی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی دەرمانی خەو، دژە خەمۆکی و دەرمانی دڵەڕاوکێ، کەمبوونەوەی خەوی قووڵ لە ساڵێکدا پەیوەندی بە زیادبوونی 27%ی مەترسییەکانی بیرچوونەوە هەبووە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی