كەركوك و دابڕانێكی دیكە

مەلەفی تایبەت

11/11/2023‌ 1112 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرتیپ جەوهەر
لەهەڵبژاردنی كەركوك نزیك دەبینەوەو ئاماژەكان پێمان دەڵێن دۆخێكی ئاڵۆزتر چاوەڕێی كەركوك دەكات كە پێدەچێت رۆڵی كورد لەوشارە زیاتر پاشەكشەبكات. ئەگەر پێشتر بەهۆی لێكەوتەی راپرسیەكەی 2017 و پەلاماری حەشدی شەعبی و سوپای عیراق دۆخێكی نائاسایی هاتە پێشەوەو عەرەبێكی سوننە وەك پارێزگار سەپێنرا، ئەوا دوای ئەم هەڵبژاردنە كورد بەتەواوی رۆڵی خۆی لەدەستبدات، ئیدی پرسی دانانی پارێزگارێكی كوردو هاوسەنگكردنەوەی ئیدارەی شارەكەزۆر زەحمەتتر دەبێت.
جارێ‌ زووە بڵێین كورد بەهەموو گروپەكانیەوە دەتوانێت نیوە زیاتری دەنگەكان بەدەستبێنێت، بەڵام ئەم واقعەی ئێستا بەردەستە، ئومێدی بەدەستهێنانی نیوە كۆ یەك (50+1) بۆ كورد زۆر زەحمەت دەكات! ئەمەش لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
یەكەم: كورد لەكەركوك بەپێنج لیست چۆتە هەڵبژاردن و بەجۆرێك لەململانێدان وەك ئەوەی هەڵبژاردنەكە بەتەنها لەناوچە كوردییەكان بێت! ئەم فرەلیستیە بەدڵنیاییەوە بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەكە كە فرەبازنەییە، بەشێك لەدەنگەكانی لەدەستدەدات و سەرئەنجام حزب و ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە زیاتر دابڕاندنی كەركوك ئەمەش هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان لێی بەرپرسیارن.
دووەم: لەماوەی شەش ساڵی رابردوو عەرەبێكی زۆر لەدەرەوەی كەركوك هێنراوەتە شارەكە، ئینجا چ عەرەبی سوننە بن كە پیتاكی خۆراك و كارتی دەنگدانیان گوێزراوەتەوە بێئەوەی بڕیاربەدەست و حزبە كوردستانیەكان دەنگیان لێوەبێت، چ عەرەبی شیعە بێت كە بەهۆكاری جیاواز هاتوونەتە شارەكەو ئێستا مافی دەنگدانیشیان پێدراوە.
سێیەم: جاران لیستی كورد لە كەركوك بەناوی لیستی برایەتی بوو. واتە توركمان و عەرەبی تێدابوو، كەچی ئێستا نەك عەرەب و توركمانی تێدا نییە، بەڵكو كوردەكە بۆخۆیشی لیستێكی یەكگرتوو، هاوپەیمانێتیەكی نییە وەك گوتراوە "كەس بەكەس" نییە.
چوارەم: ئیدارەی كەركوك و جومگەكانی حوكمڕانی كەركوك لەژێر دەستی عەرەب دایە، بۆیە بەدڵنیاییەوە رێوشوێنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئەنجامەكەی لەژێر كاریگەری عەرەبدا دەبێت و كورد لایەنی زیانمەند دەبێت.
لەمێژووی هیچ گەلێكدا نەبووە لەكاتی هەڕەشەدا یەكگرتوو نەبن! تەنها كورد نەبێت! لەدوای راپرسەكەی 2017 پەلاماری حەشدی شەعبی و هێزی عیراقیی دەبوو كورد یەكگرتوو یەك بڕیاربێت، كەچی بەپێچەوانەوەبوو! شەش ساڵە شارەكە لەژێر هەژموونی عەرەب و شیعەی ئێرانی رووبەرووی تەعریبێكی رێكخراو دەبێتەوەو كورد زۆربەی جومگە هەرە سەرەكییەكانی شارەكەی لەدەستداوە بەپارێزگارەوە، كەچی لەبری یەك لیست، ئەمجارە بەپێنج لیست دەچێتە هەڵبژاردن؟! ئەمە لەمێژووی هیچ گەلێكی دونیا نەبووە!
لەماوەی شەش ساڵی رابردوو كورد لەكەركوك ژمارەیەكی زۆر لەجومگەكانی ئیدارەی كەركوك بەپارێزگارەوە لەدەستداوە، بەداخەوە دوای ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لاواز دەبێت. بەپێی زانیارییەك لەماوی رابردوو 17 هەزار كەس لەكەركوك دامەزرێنراون، لەو ژمارەیە 11 هەزاریان عەرەبن. بەشێك لەوانەی دامەزرێنراون خەڵكی تكریت و دیالەو شوێنی دیكەن. جگە لەپارێزگای كەركوك هاوكات لەناوچەكانی دەوروبەری كەركوكیش بەهەمانشێوە رۆڵی كورد لەپاشەكشەیەكی مەترسیداردایە، بۆنمونە لەقەزای توزخورماتوو لەسەردەمی بەعس رێژەی كورد لەئیدارەی شارەكە لە 11% بووە، كەچی ئێستا بووە بە 5%ی شارەكە! ئەوەی لەو شارەو ناوچە دابڕێنراوەكان روودەدات، خەڵكی ئەو ناوچانە لێی بەرپرس نین، چونكە قوڵایی ستراتیژیی ئەو ناوچانە هەرێمی كوردستانە، كەچی بەرپرسانی هەرێم ئەوەندەی مەشغەلەتی خواستی شەخسی و حزبیان هەیەو خەریكی كۆمپانیاو پرۆژە بازرگانیەكانیانن، ئاگایان لەو ناوچانە نییە.
بەداخەوە لەدوای نەخۆشكەوتنی مامجەلال و سازان و تەوافوقی سیاسی ناوخۆی كوردستان رووی لەلێژیی كرد، هەم پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەتایبەت (پارتی و یەكێتیی) هەم حوكمڕانی هەرێم، هەم دۆزی كورد بەگشتیی قۆناغ دوای قۆناغ زۆر خراپتربوون!
ئێستا كورد لەعیراق، لەوپەڕی خراپیدایە لەماوەی 20 ساڵی رابردوو. سەرەتای رووخانی سەدام بەبێ‌ ئیمزای سەركردایەتی كورد حكومەت لەعیراق دروستنەدەبوو، كەچی ئێستا بەدوای وەزیری داراییە تا ئیمزا لەسەر بڕێك قەرز بكات بۆ موچەخۆرانی هەرێم، كەچی نایدەن؟!
مخابن 10 ساڵ دەبێت حزبە كاریگەرەكانی كوردستان هیچ ئەجێنداو تێگەیشتنێكیان بۆ ئایندەی ناوچە دابڕێنراوەكان نەماوە. بەتەواوی پشتیان كردۆتە خواستی نەتەوەیی و پێویستی خەڵكی كوردستان و دەستیانگرتووە بەخواستی حزبی و شەخسی. ئێستا كەس باسی كەركوك و دابڕێنراوەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 ناوچە ناكات، هەموو داواكارییەكانیان چڕكردۆتەوە لەبەدەستهێنانی پۆست و ركابەری یەكتر بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی.