شارپرێس:
ژمارەی ئەوکەسانەی کە بەدەست نەخۆشییەکانی دڵو خوێنبەرەکانەوە دەناڵێنن لەجیهاندا بەشێوەیەکی بەردەوام لەزیادبوندایە، یەکێک لەهۆکارەکانیش خۆراکی ناهاوسەنگە، کەواتە ئەو ماددە خۆراکییە بەسودانە بۆ دڵو خوێنبەرەکان چین؟
دکتۆر ئانا بیروکۆڤا پسپۆری نەخۆشیەکانی دڵو خوێنبەرەکان بە Gazeta.Ru-ی ڕاگەیاندوە، خۆراکی هاوسەنگ واتە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی کە ڕێژەی هەندێک خۆراکی تێدا کەمدەبێتەوە، هاوکات لەش هەموو ئەو مادە خۆراکییەکانو ڤیتامینو توخمە کانزاییو ڕیشاڵە خۆراکییانەی کە پێویستی پێیەتی دەستدەکەوێت.
بەوتەی ئەو، دەتوانرێت ڕۆژانە زەیتی ڕوەکی بخورێت: زەیتون، گەنمەشامی، گوڵەبەڕۆژەو زەیتی سۆیا بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵو خوێنبەرەکان، ئەم زەیتانە بڕێکی زۆر لەترشە چەورییە فرە نەتێرەکان لەخۆدەگرن، کە پێویستن بۆ پاراستنی تەندروستیی دیواری خوێنبەرەکانو دڵ.
ئەو دەڵێت، "جگەلەوەش باشترە ماسی زۆر بخورێت، چونکە سەرچاوەیەکی گرنگی زەیتی ماسییە، هەروەک دەوڵەمەندە بەترشە چەورییە تێرنەکراوەکانو پرۆتین، سودبەخشترینیان ماسی چەورە - هێرینگ، ماکرێلو سەلەمون، بۆیە پێویستە لەهەفتەیەکدا یەک بۆ دوو جار ماسیی بخورێت، بۆ ڕێگریکردن لەمەترسییەکانی پەیوەست بەگەشەکردنی ڕەقبونی خوێنبەرەکان.
ئاماژە بەوەشدەکات، هەروەک پێویستە جەستە بڕی پێویستی پرۆتینی ئاژەڵ - گۆشتو پەلەوەرو پرۆتینی سەوزە – نیسکو نۆکو بازێلا بەدەستبهێنێت، هەروەک دەبێت لەش بڕێکی پێویست لەڕیشاڵی خۆراکی بەدەستبهێنێت، کە وەک فڵچەیەک لەڕیخۆڵەکاندا کاردەکاتو چەوری زیادە لەجەستەدا لادەبات، ئەمە جگەلەوەی پێویستە بۆ مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە، ڕیشاڵی خۆراکی لەنانی دانەوێڵەیی تەواوو سەوزەو میوەو دانەوێڵەدا هەیە.
بەوتەی ئەو، سەوزەو میوە، جگە لەڕیشاڵی خۆراکی، ڤیتامینو توخمە کانزاییەکانیان تێدایە، بۆیە باشترە ڕۆژانە 5 ژەمیان بخورێت، واتە نزیکەی 500 گرام.
و: ئاکۆ ئاڵی
