خێزانێکى 199 کەسى لەیەک ماڵدا دەژین

هەمەڕەنگ

20/11/2023‌ 955 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گوندی پاکتاونگ، لەویلایەتی میزۆرما لەباکوری ڕۆژهەڵاتی هیندستان، شوێنی نیشتەجێبونی گەورەترین خێزانی ناسراوی جیهانە، بەگوێره‌ى ڕاپۆرتەکانی میدیا ناوخۆییەکان، 199 کەس لەژێر یەک سەقفدا لەباڵەخانەیەکی زەبەلاحدا دەژین.


بو زیۆنا بەسەرۆکی "گەورەترین خێزانی جیهان" دادەنرێت، بەوپێیەی هاوسەرگیریی لەگەڵ 38 ژندا کردوە، جگە لەدەیان نەوە، 89 کوڕو کچیشی بوە، پێشئەوەی لەساڵی 2021و لەتەمەنی 76 ساڵییدا بەهۆی لێکەوتەکانی بەرزی پەستانی خوێن‌و نەخۆشیی شەکرەوە کۆچی دوایی بکات.

سەرەڕای کۆچی دوایی دامەزرێنەری بنەماڵەکە، خێزانەکەی هێشتا لەباڵەخانەیەکی زەبەلاحدا بەیەکەوە دەژین کە لەگردەکانی باکتاونگ دروستیکردوە، ئێستا ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەی 199 کەسە، بۆ نانخواردنیش دەبێت دوجار لەهۆڵی گەورەی ماڵەکەدا کۆببنەوە، ئەمەش وادەکای وەک چێشتخانەیەکی قەرەباڵغ دەربکەوێت.

ئەندامانی ئەم خێزانە زۆربەی ئەرک‌و بابەتەکان هاوبەشن، لەباری کاری ڕۆژانەوە تا ژەمە خواردنەکان‌و کاروباری دارایی، بەوپێیەی هەموان لە 5 کێڵگەی بەراز یان لەو کێڵگانەدا کاردەکەن کە هی خۆیانە، ئەمە جگەلەوەی لە 4 وەرشەی دارتاشی‌و وەرشەیەکی ئەلەمنیۆمییدا کاردەکەن کە هی خێزانەکەیانە.

تەنها دوو ژەمی ڕۆژانەی خێزانەکە بەئەرکێکی گەورە دادەنرێت، بەوپێیەی هەریەکێکیان لانی کەم 80 کیلۆ برنجی پێویستە، ئەمە جگە لەچەندین پێکهاتەی خۆراکیی تر، کە لەناو مەنجەڵە زەبەلاحەکاندا ئامادە دەکرێن کە دەبێت دوای ئەوە پاکبکرێنەوە.

یەکێک لەبوکەکان دەڵێت، "وەک مرۆڤ هەمومان ڕوبەڕوی سەختیی‌و ناڕەحەتیی دەبینەوە، بەڵام ڕوانگەیەکی ئەرێنیمان هەیە، چونکە خێزانێکی گەورەین کە لەخۆشیی‌و ناخۆشییدا پاڵپشتیی یەکتر دەکەین".

گوندی دورەدەستی باکتاونگ، گەشتیارێکی زۆر بۆ بینینی بینای خێزانەکەو فێربونی شێوازی ژیانی ئەم خێزانە زەبەلاحە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، هاوکات بەشێکی ئەندامانی خێزانەکە دەڵێن کە کراوەن بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ ئەو شوێنانەی کە بتوانن پەروەردەیەکی باشتر بەدەستبهێنن‌و چانسی باشترکردنی ژیانیان زیاتربکەن، بەڵام ڕەنگە بەردەوامی ژیانی ئەو خێزانە لەیەک خانودا بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە نەکێشێت، چونکە لەئێستادا خانویەکی نوێ دروستدەکەن بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو ئەندامانەی خێزانەکە کە بەتێپەڕبونی کات زیاددەکات، لەخۆبگرێت.