شارپرێس
وەزیرانی عەرەب و موسڵمان ڕۆژی دووشەممە داوای ئاگربەستێکیان لە غەززە کرد، لە کاتێکدا شاندەکەیان لە قۆناغی یەکەمی گەشتێکدا سەردانی چینی کرد بۆ فشار خستنە سەر وڵاتان تا کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە بهێنن.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ ئەو بەرپرسانە کۆببێتەوە کە نوێنەرایەتی هەر پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن. هەروەها شاندەکە فشار دەخاتە سەر ڕۆژئاوا بۆ ڕەتکردنەوەی پاساوی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر فەڵەستینییەکان وەک بەرگریکردن لە خۆی.
نوێنەری ئەو وڵاتانەی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ دیپلۆماتی باڵای چین وانگ یی کۆدەبنەوە پێکهاتوون لە عەرەبستانی سعودیە، ئوردن، میسر، ئیندۆنیزیا، بەرپرسانی فەڵەستین و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و چەند وڵاتێکی دیکە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە وتی " ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئاماژەیەکی ڕوون بنێرین کە دەبێت شەڕ و کوشتن بوەستێنین، و پێداویستییە مرۆییەکان بگەیەنینە غەززە."
لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی میسر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر بە هاوتا چینیەکەی ڕاگەیاندووە: چاوەڕێی ڕۆڵی بەهێزتری زلهێزەکانی وەک چینین بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر فەلەستینییەکان. لە کەرتی غەززە. گوتیشی "بەداخەوە وڵاتی گەورە هەن کە هێرشەکانی ئێستای ئیسرائیل پەردەپۆش دەکەن".