شەڕێكی نوێ لەرێگای مادەی هۆشبەرەوە لەدژی رۆژاڤای كوردستان بەرپادەكرێت

ڕاپۆرت

21/11/2023‌ 1478 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس-كەنداڵ جودی:

هاوكاتی هێرشە بەردەوامەكان بۆ بەئامانجكردنی ژێرخانی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە، مادەی هۆشبەریش بە شێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، بۆیە هێزە ئەمنییەكان لەتێكۆشانێكی سەختدان بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو مادانە.

هێزی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەكان لە رۆژئاوای كوردستان چەندین ئۆپەراسیۆنیان لەدژی باندەكانی مادەی هۆشبەر ئەنجامداوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەستیانگرتووە بەسەر بڕێكی زۆری مادەی هۆشبەردا لەوانە دەستبەسەرداگرتنی دوو هەزار و ٧٠٠ كیلۆگرام مادەی كریستاڵدا.

محەمەد عومەر فەرماندەی گشتی هێزە ئەمنییەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس دەڵێت نەیارانی رۆژاڤای كوردستان لەرێگای مادەی هۆشبەرەوە خوازیاری بەرپاكردنی جۆرێكی دیكەی شەڕن لە دژی پێشكەوتنەكانی ناوچەكە.

شارپرێس: مادەی هۆشبەر چۆن و بە چ شێوەیەك دەچێتە ناو ڕۆژاڤای كوردستان؟
محەمەد عومەر:
بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان بابەتێكی فراوانە و تەنها پەیوەندی بە ڕۆژاڤای كوردستانەوە نییە. لە هەموو جیهاندا لەو شوێنانەی كە بۆشایی ئەمنی هەیە، بازرگانانی شارەزا ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە و خەریكی بازرگانی دەبن. كەواتە نەك تەنها لە ڕۆژاڤا، لە هەموو جیهان و تەنانەت لە وڵاتانی پێشكەوتووشدا مادەی هۆشبەر هەیە. ڕۆژاڤای كوردستان ناوچەیەكی هەستیارە و سنوورێكی كراوەی هەیە، و ناوچەكانی دەوروبەریش شەڕمان لە دژ دەكەن بەچەند جۆر، بۆیە مادەی هۆشبەر یەكێكە لەو جۆرە شەڕانەی كە دژی ڕۆژاڤا بەڕێوەدەچێت.

دەتوانین بڵێین مادەی هۆشبەر بە هەموو ئاراستەكان و بە هەموو شێوەیەك بەكاردێت. هەروەها لایەنەكانی دەوروبەرمان بە ئەنقەست ئاسایشی سنوورەكە كەم دەكەنەوە، بە مەبەستی هێنانی ئەو مادە هۆشبەرانە بۆ ڕۆژاڤای كوردستان.

شارپرێس: كاك محەمەد، كام لایەن پەیڕەوی لە بڵاوكردنەوەی ئەم مادانە دەكەن؟
محەمەد عومەر:
سیخوڕەكانی سەر بە ڕژێمی سوریا و ئێران و توركیا و هەموو وڵاتانی دەوروبەرمان زۆر سنوور ناپارێزن و لە ئەنجامدا ئەم مادەیە چووەتە ناو ڕۆژئاوای كوردستان.

شارپرێس: ئامانجی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ئەو مادانە بڵاوبكەنەوە چییە؟
محەمەد عومەر:
لە ئێستادا بازرگانانی مادەی هۆشبەر سەرەتا دەیانەوێت قازانجی دارایی لێ پەیدا بكەن، بەڵام ئەو كەسانەی چاویان لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم مادەی هۆشبەرانەیە لە ڕۆژاڤای كوردستان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە. بە واتایەكی تر كاتێك سیخوڕەكانی دەوڵەتی توركیا ئەو مادەیە دەگوازنەوە بۆ ڕۆژاڤای كوردستان، ئامانجیان تەنیا ئابووری نییە، بەڵكو دەیانەوێت شەڕێكی تایبەت لە ڕۆژاڤای كوردستان و دژی ئیدارەی خۆسەر ئەنجام بدەن. ئەم بابەتە مێشكی كۆمەڵگا و بەتایبەت چینی گەنج دەكاتە ئامانج. چونكە لە هەر شۆڕشێكدا، كاتێك گەنجان شكست دەهێنن، شۆڕشەكەش شكست دەهێنێت. بۆیە ئامانجی سەرەكییان لە بڵاوكردنەوەی ئەم مادانە كردنەئامانجی لاوانە كە ڕۆڵێكی گرنگ لە شۆڕشدا دەگێڕن. هاوكات لەگەڵ ئەو مادەیە، كۆمەڵگا لە ئەخلاقی خۆی دوور دەكەوێتەوە، چونكە دەیانەوێت كۆمەڵگایەكی بێ ئاكار و دابەشكراو لە ڕۆژاڤای كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پلانەكانیان لە ناوچەكەدا جێبەجێ بكەن.

شارپرێس: دوای دروستكردنی هێزێكی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، تا چەند ئۆپەراسیۆنەكانی دژی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان بووە؟
محەمەد عومەر:
ئۆپەراسیۆنەكانی ڕۆژانەمان دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەردەوامە، چونكە بوونی مادەی هۆشبەر لە ناوچەكە مەترسی كەمترنییە لە هێرشی چەكداری و هێرشی فڕۆكە. تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت مەترسی ماددە هۆشبەرەكان زیاترە. بۆیە كاتێك ئەم بەشە تایبەتانە بۆ ماددەی هۆشبەر دامەزران، ئەوە خۆی لە خۆیدا ئۆپەراسیۆنێك بوو.

بە تایبەت لە دوو مانگی ڕابردوودا، دوای هێرش بۆ سەر ئەكادیمیای هێزەكانی دژە مادەی هۆشبەر، ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە بۆ ئەو شەهیدانە دەستیپێكرد و زیاتر لە ٣٠ ئۆپەراسیۆن لە ناوچەكانی ڕۆژاڤای كوردستان دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر، لە مەنبەجەوە تا دێرك ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا دەست بەسەر بڕێكی زۆری مادەی هۆشبەردا گیرا. هاوكات لەگەڵ ئەو كەرەستانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە، دەست بەسەر چەندین چەكیشدا گیراوە، چونكە بازرگانەكان بۆ بەرگریكردن و شەڕكردن بەكاریان دەهێنا. هەروەها دەیان كەسیش دەستگیركران و درانە بەردەم دادگا.

شارپرێس: پەیوەندی بە پرسیاری پێشووەوە هەیە، چەند مادەی هۆشبەر بەكارهێنراوە و چ جۆرە دەرمانێك لە ڕۆژاڤای كوردستان هەیە؟
محەمەد عومەر:
حەبی كاپتیگۆن باوترین جۆری ماددە هۆشبەرەكانە و لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە هەزاران لەو حەبانە دەستیان بەسەردا گیراوە. هەروەها حەشیش و كریستاڵ و جۆرەكانی تریش لە ناوچەكەدا بڵاوبوونەتەوە. ژمارەیەكی ورد نییە، چونكە لە هەموو شوێنەكاندا گیراون.

شارپرێس: چۆن بەئامانجكردنی ئەكادیمیای دژە ماددەی هۆشبەر لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە هەڵدەسەنگێنن؟
محەمەد عومەر:
هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ژێرخان و ئەكادیمیای هێزەكانی دژە مادەی هۆشبەر ئەوە دەردەخەن كە دەوڵەتی توركیا لە گەشەسەندنی ناوچەكە دەترسێت‌و كاتێك ئەم پێشكەوتنە لە شۆڕشدا دەبینێت هێرش دەكات‌و ڕێگە بە مادەی هۆشبەر دەدات بچێتە ناو ڕۆژاڤای كوردستانەوەو لە ئەنجامدا هێرشەكانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورك نیشانی دەدات كە لە گەشەسەندنی ئابووری و فیكریی ڕۆژئاوای كوردستان دەترسێت.