چارەسەرێکی نوێ بۆ توشبوانی نەخۆشیی شەکرە

تەندروستی

25/11/2023‌ 1383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژەرانی ئەمریکی لەزانکۆی ستانفۆرد مادەیەکی نوێی هایدرۆجیلیان بۆ نەخۆشی شەکرە دروستکردوە کە دەرمانێکی تێدایە بۆ ماوەی چوار مانگ کاریگەرە کاتێک یەکجار دەرزی لێدەدرێت لەبری ئەوەی ڕۆژانە دەرمانی شەکرە بخۆن، چونکە وردە گەردیلەکانی ناو هایدرۆجیل کە دەرمانەکەی تێدایە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی تۆڕ پێکدەهێنن‌و کاتێکیش کاتی ژەمی دەرمانەکە هات، بەهێواشیی دەتوێتەوە، بەوەش ڕێگەی پێدەدات دەرزی لەجەستەی نەخۆشەکە بدرێت.


هایدرۆجیلەکە ئەوەندە شلەیە کە بەئاسانیی بەدەرزی ئاسایی بەکاردێت‌و ئەوەندە بەهێزە کە بۆ ماوەی چوار مانگ لەناو جەستەدا بمێنێتەوە، ئەمەش وادەکات نەخۆشەکان ئاسانتر دەرمانەکانیان بخۆن‌و کوالێتیی ژیانیان باشتردەکات‌و ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بەچارەسەری نەخۆشیی شەکرە کەمدەکاتەوە.

لەوبارەیەوە ئێریک ئەپڵ مامۆستای زانکۆکەو توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت، "پێویستیی بەتەنها 3 ژەمە دەرمان لەساڵێکدا دەبێتە هۆی ئاسانکاریی بۆ توشبوانی نەخۆشیی شەکرە یان کەسانی قەڵەو بۆ پابەندبون بەسیستەمی خواردنی دەرمانەکانیان".

توێژەران لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر مشک ئەنجامداوە، بۆیان دەرکەوتوە کە ئەو تەکنەلۆژیا پزیشکییە نوێیە دەتوانێت دەرمانی شەکرەو کۆنتڕۆڵکردنی کێشی لەش بدات وەک دەرمانی GLP-1، کە نەک تەنها شەکری خوێن کۆنتڕۆڵدەکات، بەڵکو سودی تریشی هەیە، وەک کەمکردنەوەی ئەگەری توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و یارمەتیدان لەدابەزاندنی کێش.

500 ملیۆن کەس لەجیهاندا توشی نەخۆشیی شەکرە یان پێش شەکرە بون، 130 ملیۆنیان تەنها لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.

و: ئاکۆ ئاڵی