شارپرێس- كەنداڵ جودی:
ناوچەی شەهبای رۆژئاوای كوردستان كە ئاوارەكانی عەفرینیشی لێ نیشتەجێیە بەهۆی گەمارۆی رژێمی بەشار ئەسەدەوە رووبەڕووی كارەسات دەبێتەوە، بەهۆی رێگری لە گەیشتنی سوتەمەنی بۆ ناوچەكە، كارەبا كەمبووەتەوە و دەرگەی ناوەندەكانی خوێندن داخران و ئەگەریشی هەیە لە چەند رۆژی هاتوودا ناوەندە تەندروستییەكان لە خزمەت دەربچن.
ناوچەی شەهبای ڕۆژئاوای كوردستان كە دەیان هەزار پەنابەری عەفرینی لێیە، لە لایەن دەوڵەتی توركیا و گروپە چەكدارەكانی و هەروەها حكوومەتی دیمەشق و ڕووسیا و هێزە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانەوە گەمارۆدراوە.
لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دوای داگیركرانی عەفرین لەلایەن توركیاوە بەشێكی هێزەكانی سوپای سووریاو گروپەكانی سەر بە ئێران لەناوچەكە گەمارۆی ناوچەی شەهبایانداوە و ڕێگەیان نەداوە پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان بچنە ناوچەكە.
لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی زستان و پێویستی بە سووتەمەنی بۆ خۆگەرمكردنەوە لەوەرزی سەرمادا، حكومەتی دیمەشق گەمارۆی لەسەر ناوچەكە توندتركردووە و رێگری لە گەیشتنی سووتەمەنی دەكات.
دەستەی پەروەردەی هەرێمی شەهبا بۆ شارپرێس دەڵێت "بەهۆی ئابڵوقە و نەبوونی سووتەمەنی لە دەڤەری شەهبا و سەرمای زۆر، سەرجەم قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەكان داخران و هەروەها كارەبای نیشتمانیش زۆر كەمبووەتەوە".
دووپاتیشیكردەوە كە جارێ كاتی كردنەوەی قوتابخانە و پەیمانگاكان ڕوون نییە، چونكە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، داخستنی قوتابخانەكانیش بەردەوام دەبێت.
ئیبراهیم شێخۆ، وتەبێژی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، "بەهۆی بڕینی سووتەمەنی و ئەو گەمارۆیەی بەسەر شەهبادا سەپێندراوە، كارەبای نیشتمانی كەمبووەتەوە".
ئیبراهیم شێخۆ ئاشكراشیكرد "ئەگەر گەمارۆكە بەردەوام بێت و سوتەمەنی نەچێتە ناوچەی شەهبا، نەخۆشخانەی عەفرین لە شەهبا چەند ڕۆژێكی تر لە خزمەتگوزاری دەردەچێتو ناتوانن نەخۆش وەربگرن، ئەمەش كارەساتێكی گەورە بۆ خەڵكی شەهبا بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
شێخۆ هەروەها هۆشداریدا "ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوو وێستگەكانی ئاو و كوربا لە خزمەت دەربچن، ئەمە مەترسییەكی گەورە دروستدەبێت".
