باشووری غەززە لەچاوەڕوانی جەنگێكی خوێناویدا

جیهان

27/11/2023‌ 1283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 
ئاگربەستە مرۆییەكەی غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیكە درێژكرایەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، بۆیە مەترسییەكانی قۆناغێكی نوێی جەنگی لەو شارە كەمێك دواخست.

 ئیسرائیل خۆی بۆ قۆناغی دووەمی شەڕی غەززە ئامادە دەكات بۆ داگیركردنی باشووری گەمارۆدراوی غەززە، دوای ئەوەی باكوورەكەی لە ٧ی ئۆكتۆبەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی بووەتەوە و زۆرینەی دانیشتووانەكەی بەرەو باشوور هەڵهاتوون.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەمریكی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا داوایان لە ئیسرائیل كردووە فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە باشووری غەززە دوابخات، تا ئەو كاتەی پلانێك بۆ پاراستنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی باكووری كەرتی غەززە دادەنێت كە لە دوای لەشكركێشییەكەیەوە بەرەو باشوور هەڵهاتوون.

جۆناسان ڤینەر، جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاند، ئیسرائیل دەبێت لە پلانە سەربازییەكانیدا لە ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانكراوەكانی باشووری غەززەدا پاراستنی خەڵكی سڤیل مسۆگەر بكات.

  دەشڵێت، پێویستە ئیسرائیل ناوچەی شەڕ بەرتەسك بكاتەوە و ئەو شوێنانە ڕوون بكاتەوە كە خەڵكی سڤیل دەتوانن پەنایان بۆ بەرن لە باشووری غەززە.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی ڕایگەیاندبوو كە ئیسرائیل پێیوایە زۆربەی سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماس بەرەو باشووری غەززە بەتایبەت خان یونس ڕۆیشتوون، ئەوەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ باشوور.

ناوچەی خان یونس فراوانترین ناوچەی غەززە بە درێژایی نزیكەی ١٢ كیلۆمەتر ئاوارەكانی باكووری غەززەی لەخۆی گرتووە، بە دەستپێكی هێرشی ئیسرائیل جارێكی دیكە ئاوارەكانی باكوور و نیشتەجێبووەكانی باشوور دەبێت هەڵبێن بەرەو جێیەكی ئارام.