شارپرێس:
هەرچەندە بەرزبونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵو بەرزی پەستانی خوێنو شەکرەو جگەرەکێشان هۆکاری ناسراون بۆ توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ، بەڵام مەرج نییە ئەم هۆکارانە ببنە هۆی جەڵتەی دڵ، وەک لەتوێژینەوەکانی پێشودا سەلماندویانە کە ڕێژەیەک لەنێوان 14% بۆ 27%ی نەخۆشانی دڵ توشی هیچکام لەم هۆکارانە نەبون.
بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ کە لەئەمریکا ئەنجامدراوە هۆکارێکی هاوبەشی توشبوانی نەخۆشیی دڵی ئاشکراکردوە کە ئەویش بونی ڕێژەیەکی بەرزی کالیسیۆمە لەخوێنهێنەری تاجیدا.
توێژینەوەکە کە بەسەرپەرشتیی کۆمپانیای ئینتەرماونتێن هێڵت کەیر لەشاری سالت لەیک سیتی ئەمریکا ئەنجامدراوە دەریخستوە، ئەگەر ئاستی کالیسیۆم لەخوێنهێنەری تاجیدا لەکاتی پشکنینی ئاساییدا زیادبکات، تەنانەت لەغیابی چوار هۆکارەکەی دیکە کە پێشتر باسمان کرد، ئەوا پێویستە ئەم کەسانە بەنەخۆشیی دڵ هەژماربکرێت، دەکرێت پێشئەوەی یەکەم جەڵتەی دڵیان هەبێت، چارەسەریان بۆ بکرێت.
لەمیانی توێژینەوەکەدا، کە لەمیانی دانیشتنە زانستییەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی سەبارەت بەنەخۆشییەکانی دڵ لەشاری فیلادلفیا لەئەمریکا پێشکەشکرا، توێژەران سەرکەوتوبون لەدۆزینەوەی 429 نەخۆشی دڵ بەپێوانەکردنی ئاستی کالیسیۆم لەخوێنهێنەری تاجیدا، دەرکەوت کە لەنێویاندا 60 نەخۆشی دڵ توشی هیچ هۆکارێکی تر نەبون کە ئاماژەن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، وەک بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە، یان ئەوانی تر.
سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە جێفری ئەندەرسۆنهو دەڵێت، "پێوانەکردنی کالیسیۆم لەخوێنهێنەری تاجی ڕەنگە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵ،".
باسی لەوەشکردوە، لەمحاڵەتەدا دەبێت هۆکارە بنەڕەتییەکان پشتگوێبخرێن، چونکە هۆکاری دیکەش هەن کە ڕەنگە گرنگییان پێنەدەین، تەنانەت هەرچەندە ئەوان نیشاندەری گرنگن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵ.
لەکاتێکدا پێوانەکردنی ئاستی کالیسیۆم لەخوێنهێنەری تاجیدا بۆتە پشکنینێکی باوو هەرزان، بەڵام هێشتا پشکنینی ستاندارد نییە کە لەکاتی پشکنینی تەندروستیی خولاو خولییدا ئەنجامبدرێت.
ئەندەرسۆن دەڵێت، "ئێمە نزیکەی چارەکێک لەوکەسانە پشتگوێدەخەین کە مەترسیی توشبونیان بەنەخۆشییەکانی دڵ زیاترە، چونکە ئێمە تەنها پشت بەهۆکارە ستانداردەکان دەبەستین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە".
و: ئاکۆ ئاڵی
