شارپرێس
پسپۆڕان دەڵێن، گوڵە بەڕۆژە لەڕوی بەهای خۆراکییەوە
زۆر دەوڵەمەندەو پڕە لەمادە خۆراک پێدەرەکان، هەروەک بڕێکی هاوسەنگ لەچهورییو
کالۆریی تێدایە.
گوڵەبەڕۆژە لەزیاتر لەلایەنێکەوە یارمەتی دڵو
خوێنبەرەکان دەدات، بەوپێیەی دەوڵەمەندە بەڤیتامین E کە دژە ئۆکسانەو ڕێگریدەکات لەکۆبونەوەی
کۆلیسترۆڵ لەسەر دیواری لولەکانی خوێن، هەروەها پۆتاسیۆمی تێدایە کە یارمەتیی دابەزاندنی
بەرزی پەستانی خوێن دەدات.
گوڵەبەڕۆژە مادە خۆراکیەکانی وەک سیلینیۆمو مس
بۆ جەستە دابیندەکات کە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لەگەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان،
ئەمە جگە لەڕۆڵی مس لەنەرمکردنی جومگەکاندا.
هەروەک کالیسیۆمو مەگنیسیۆمی تێدایە کە پێکهاتەیەکی
زۆر نایابە بۆ بونیادنانی ئێسکێکی بەهێز.
پێکهاتەی خۆراکیی گوڵەبەڕۆژە بریتییە لەتریپتۆفان
کە یارمەتیی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێو باشترکردنی باری دەرونی دەدات، ئەمەش وایکردوە
ببێتە سوکە ژەمێکی گونجاو بۆ خواردنی درەنگانی شەو بۆ هەر کەسێک کە کێشەی خەوتنی هەیە.
لەسودەکانی تری گوڵەبەڕۆژە ئەوەیە کە ئەگەر بەبەردەوامیی
بخورێت یارمەتیی باشکردنی یادەوەریی دەدات، هەروەک مادەی کۆلین ڕادەی توندی سەرئێشە
سوک دەکاتو کەمیدەکاتەوە.
