کامیان ئەوەی تر ئاراستە دەکەن.. ئەمریکا یان ئیسرائیل؟

ڕاپۆرت

01/12/2023‌ 966 جار خوێندراوه‌ته‌وه


نووسەرێکی تورک پێیوایە، ئەو دەنگۆیەی لەزۆر ناوەنددا باسی لێوەدەکرێت، بەوەی گوایە ئیسرائیل ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاراستە دەکات، راست نییە، بەڵکو بابەتەکە بەپێچەوانەیەوە، بەوپێیەی هەر لەبنەرەتەوە ئیسرائیل لەبەرهۆکاری پەیوەست بە بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزمی رۆژئاوا دامەزراوە و مانەوەشی تەنیا لەبەرئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت بمێنێتەوە.

نووسەر ئۆتکو ڕیحان لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی "ئایدینلیک"ی تورکیدا  بڵاویکردۆتەوە باسی لەوەکردووە کە ئەمریکا وڵاتێک نییە کە "لەلایەن جوولەکە توندڕەوەکانی ناوەوە فریو بخرێت و ئاراستە بکرێت"، بەڵکو واشنتۆن و تەلئەبیب هەردووکیان پێویستیان بە یەکترە.

بە وتەی ئەو نووسەرە تورکە، ئیسرائیل پێویستی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە بۆ ئەوەی لەژیاندا بمێنێتەوە، ئەمریکاش پێویستی بە ئیسرائیل هەیە بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل بەبێ پاڵپشتیی واشنتۆن نەیدەتوانی وەک دەوڵەتێک سەرهەڵبدات و نەیدەتوانی وەک دەوڵەتێکی سەربازیی ئەتۆمی گەشە بکات و ئەمریکاش هیچ وڵاتێکی دیکەی نییە کە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ گەیشتن بە تەماحە ئیمپریالیزمەکانی لە ناوەڕاستدا خۆرهەڵات.

کاریگەریی جولەکە

ریحان روونیکردۆتەوە کە ئەو بۆچوونەی لەناوەندە کۆنسێرڤاتیڤەکانی تورکیا و وڵاتانی تردا باوە بەوەی ئیسرائیل ئەمریکا و هەموو جیهانیش ئاراستە دەکات لەسەر بنەمای ئەو کاریگەرییە دروست بووە کە جولەکەکان لە ئیداردانی ئەمریکا و کۆمپانیاکدا هەیانە، ئەوەش بۆچوونێکی دروستکردووە کە گوایە واشنتۆن لەلایەن هێزێکی قوڵی جولەکەوە ئیدارە دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو بابەتەکە فشار لەسەر ئیدارەی ئەمریکا دروست بکات، ئەوا سەدان هەزار هاوڵاتی و  چالاکی وڵاتانی تریش لە ئەمریکان و فشار بۆ وڵاتەکەیان دروست دەکەن.

ئەو نووسەرە تورکە پێیوایە، بەهێزترین دەستەواژە بۆئەوەی راستییەکان لەوبارەیەوە بزانرێت لێدوانەکەی جۆ بایدنی سەۆرکی ئەمریکا بوو کاتێک لەساڵی 2013 وەک جێگری باراک ئۆباما لەکۆبوونەوەی ڕێکخراوێکی جولەکەدا وتی" ئەگەر دەوڵەتی ئیسرائیل نەبوایە دەبوو لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان درووستی بکەین".

ئەو نووسەرە لە سەرنجێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەم قسانە بایدن دانی بە مەحاڵبوونی هەژموونی ئەمریکادا ناوە لە ناوچەکەدا بەبێ ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی "ئیسرائیلی دووەم"ی داوە کە بایدن ئاماژەی پێکردووە کە ئەویش درووستکردنی دەوڵەتی کوردییە لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و عێراق و سوریا و ئێران، بەڵام گوایە بەهۆی بەربەرەکانی توندی تورکیاوە ئەو دەوڵەتە درووست نەبووە.

ڕوونیشی کردۆتەوە کە ئیسرائیل سەری ڕمی ئەمریکایە لە ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەمەش شتێکە کە دەکرێت سبەینێ گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل لەوە تێبگات کە داگیرکارییەکەی هیچ ئایندەیەکی نییە و وازی لێبهێنێت، و ڕێبازێکی گونجاو لەگەڵ فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەبی بگرێتەبسەر. ئەو دەستدرێژییەی ئێستا پراکتیزەی دەکات پەیوەندیی بە پێداویستییەکانی ئەمریکاوە هەیە، ئەگەر ئەمریکا وازی لێبهێنێت، ئیسرائیل نامێنێت.

نووسەرە لەکۆتاییدا دەڵێت:  ئیسرائیل وابەستەی ئەمریکایە و بوونی جولەکەکان لە پۆستە کاریگەرەکان لە ئەمریکادا ئەم ڕاستییە ناگۆڕێت. ئەم جولەکانە ئەمریکین کە ئیسرائیلیان خۆشدەوێت، دەتوانن پەیوەندییەکی ئایینی یان ڕۆحییان لەگەڵدا هەبێت و هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێشکەش بکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی