شەری دادگا دوایی حەلبوسی یەخەی پارتی دەگرێت؟

کوردستان

01/12/2023‌ 3230 جار خوێندراوه‌ته‌وه


وادیارە کێشەی دورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق سەرەتایە، چونکە ناوبراو خۆی بۆ گێمێکی دیکەی یاریکردن لەگەڵ شیعە و نەیارەکانی خۆی ئامادەکردووە.

لە ساڵی 2003وە تاوەكو 2023 پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی حكومەتی هەرێم یاخود بەشێوەی سەربەخۆ دەیان ملیۆن دۆلاریان لە دروستكردنی "لۆبی"دا لە ئەمریكا خەرجكردووە، بەڵام كە بڕیاریاندا ریفراندۆم بكەن بۆ سەربەخۆیی، ئەمریكا پشتیوانی لێ نەكردن، حەلبوسی لەسەر گرێبەستێك كە لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی كردویەتی، كەوتوەتە بەردەم ئەگەری ئەوەی حزبەكەی دابخرێت‌و خۆشی دادگایی بكرێت بۆیە حەلبووسی ئێستا لیستی ناوی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بڵاوكردەوە کە لۆبیان لە ئەمریکا کردووە، حكومەتی هەرێم پشكی گەورەی خەرجكردنی پارەی لە "لۆبی ئەمریكی"یدا بەركەوتووە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە، ئەو كۆمپانیایەی حەلبوسی لەسەر دادگایی دەكرێت، بەر لە حەلبوسی، پارتی گرێبەستی لەگەڵدا كردووە.

حەلبوسی لیستی ئەو لایەن‌و كەسایەتییە عێراقییانەی ئاشكراكرد، كە لە ساڵی 2003‌و دوای كەوتنی سەددامەوە تاوەكو ئەمساڵ (2023) لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان گرێبەستیان كردوە بەمەبەستی وەرگرتنی شارەزایی‌و بەدەستهێنانی پشتیوانی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی ئەمریكا لەرێگەی گروپەكانی فشار "لۆبی"یەوە.

بەپێی لیستەکە، لەدوای روخانی سەددامەوە ئەم كەسایەتی‌و لایەنە عێراقییانەش كاریان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردووە:
•    ئەیاد عەلاوی ‌و عەدنان پاچەچی‌و ئەحمەد چەلەبی‌و باقر جەبر سۆلاغ‌و تاریق هاشمی‌و ساڵح موتڵەگ‌و ئەسیل نوجێفی
•    حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارتی‌و یەكێتیی
•    حكومەتی عێراق‌و وەزارەتەكانی دارایی‌و نەوت‌و دەرەوەو باڵیۆزخانەكان‌و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و دەزگای هەواڵگری عێراق.
•    حەشدی شەعبی‌و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی‌و چەندین حزب‌و كەسایەتی سیاسی تری عێراق. 

دوای كەوتنی رژێمی سەددام حسێن، بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 2003دا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیدا كراوە بە ناوی (Nijyar H. Shemdin)، لەم گرێبەستەدا حكومەتی هەرێم (ئیدارەی پارتی) بڕی (47 هەزارو 650) دۆلاری بە كۆمپانیا ئەمریكییەكە داوە‌و دیار نییە گرێبەستەكە بۆ چ مەبەستێك كراوە. 

ساڵێك دواترو لە 2004دا، پارتی دیموكراتی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تری ئەمریكی بەناوی (Barbour Griffith & Rogers LLC)، ئەمەش كۆمپانیایەكی بواری لۆبیكردنە لە ئەمریكا‌و كورتكراوەكەی (BGR)ە، لەو ساڵەدا پارتی بڕی (214 هەزارو 206) دۆلاری بەم كۆمپانیایە داوە.
هەر لە ساڵی 2004دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئیدارەی پارتی) جارێكی ترو بە دوو بڕی جیاواز پارەی بۆ (Nijyar H. Shemdin) خەرجكردووە، بڕی یەكەمی پارەكە (147 هەزارو 450) دۆلار بووە، بڕی دووەم (47 هەزارو 200) دۆلار بووە. 

ساڵی 2006 پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام بووە لە گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای (BGR)، بەدوو بڕ پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەكەم (547 هەزارو  480) دۆلار بووە، بڕی دووەم (321 هەزارو 853) دۆلار بووە. 
هاوكات حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی تردا  كردووە بەناوی (Herald Group LLC)، ئەم كۆمپانیایە لەبواری راوێژكاریی پەیوەندییە گشتییەكان‌و خزمەتگوزاری لەبواری پەیوەندییە ستراتیژییەكان‌و بەڕێوەبردنی هەڵمەتە جەماوەرییەكان‌و كەمپەینی میدیایی‌و توێژینەوەی ستراتیژیدا كاردەكات، لەو ساڵەدا حكومەتی هەرێم بڕی (16 هەزار) دۆلاری بۆ ناردووە. 

هەر لە 2006دا بڕە پارەیەكەی زۆر تۆماركراوە كە حكومەتی هەرێم بۆ نوسینگەكەی خۆی لە ئەمریكا رەوانە كردووە بڕەكەی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلارە، لەم ساڵەدا قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان پۆستی بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی لە واشنتۆن گرتەدەست، ئەو سەردەمە سەرەتای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان بوو لەبارەی خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بۆ دروستكردنی لۆبی كورد لە ئەمریكا.

ساڵی 2017 كە هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كردو ویلایە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی لێ نەكرد، پرۆسەی لۆبیكردن لەرێگەی كۆمپانیاكانەوە بەردەوام بووە‌و حكومەتی هەرێم  پارەی بەم كۆمپانیایانە داوە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (270 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (242 هەزار) دۆلار.
•    لەگەڵ ناردنی پارە بۆ چەند كۆمپانیایەكی تر كە بڕەكانیان تۆمار نەكراوە. 

پارتی بەردەوام بووە لە لۆبیکردن و ساڵی 2021 حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (972 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە واشنتۆن، لەپاڵ ئەمەشدا ئەم پارانەی بۆ كۆمپانیاكانی لۆبی ئەمریكا خەرجكردووە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (120 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (120 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (327 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (25 هەزار) دۆلار.
•    لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تر كە بڕی پارەكەیان دیاری نەكراوە. 

ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئاخۆ دادگای فیدراڵیی عێراق بەڵگەکانی حەلبووسی بە هەند وەردەگرێت و لە دژی پارتی و پاشان یەکێتی بەکاریدەهێنێت؟ بەتایبەت کە هەردوو حزبەکە بەشدارن لە چوارچێوە گەورەکەی شیعە بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگیی؟

چاودێران بۆچونیان وایە بەوپێیەی ساڵانێکە حەلبووسی کەسی یەکەمی دووەم باڵاترین پۆستی عێراق و کەسی یەکەمی سوننەکان بووە، بەڵگەنامەی گرنگی هەن و ئەگەر هەیە، لە حاڵەتی تەنگەتاوکردنی لەلایەن شیعەکانەوە، بەڵگەکان لەسەر ئەو کەسایەتی و سەرکردانە ئاشکرا بکات کە نەیارین.

بەپەلە