شارپرێس:
بەگوێرهى توێژینەوەیەکی نوێ، نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم پەیوەندیی بەزیادبونی مەترسیی توشبون بەشێرپەنجەی قۆڵۆنو ڕیخۆڵە (شێرپەنجەی ڕیخۆڵە) هەیە، بەتایبەتیی لەجگەرەکێشەکاندا.
بەگوێرەی مێدیکڵ ئێکسپرێس، تیمی لێکۆڵینەوەکە لەزانکۆی ویسکۆنسنەوە پشکنینیان بۆ داتاکانی زیاتر لە 54 هەزار کەس کردوە، کە 25 هەزارو 992 کەسیان توشی نەخۆشیی شەکرە بون.
توێژەران بۆیان دەرکەوتوە، ئەگەری توشبون بەشێرپەنجەی ڕیخۆڵە لەنێو توشبوانی شەکرە کە جگەرەدەکێشن دوو هێندە زیاترە، بەبەراورد بەوانەی نەخۆشی شەکرەیان نییە، هەروەک ئەگەر جگەرە بکێشیت، ئەگەری توشبون بەشێرپەنجە 1.62 هێندە زیاد دەکات.
توێژەران ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەگەری توشبون بەشێرپەنجەی ڕیخۆڵە، دوای 10 ساڵ لەدەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە زیاد دەکات.
ئەنجامی توێژینەوەکە داوایکردوە گرنگیی بەنازۆرکردنی قۆڵۆنو ریخۆڵە بدرێت، بەتایبەت لەنەخۆشانی شەکرە کە جگەرە دەکێشن.
توێژەران دەڵێن، "پشکنینی پێشوەختە ڕەنگە یارمەتیدەربێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی کە لەئەنجامی تێکچونی میتابۆلیکی پەیوەست بەنەخۆشیی شەکرەوە دروستدەبن".
و: ئاکۆ ئاڵی