بۆچی سەرجەم خواردنەوە کحولییەکان زیان بەجەستەی مرۆڤ دەگەیەنن؟

تەندروستی

02/12/2023‌ 565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەوتەی پرۆفیسۆر یوری کۆنێڤ پسپۆڕی نەخۆشیەکانی دڵ‌و خوێنبەرەکان، لەپزیشکی هاوچەرخدا هیچ بۆچوونێکی یەکگرتوو نییە سەبارەت بەکاریگەریی کحول لەسەر جەستەی مرۆڤ، بەڵام زۆرینەی پزیشکان هاوڕان لەسەرئەوەی کە خواردنەوە کحولییەکان کاریگەریی نەرێنیان لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە، بەبێ گوێدانە ئەو بڕەی دەخورێتەوە.


پرۆفیسۆرەکە ئاماژە بەوەدەکات، تا ئەمدواییانە بۆچونێک هەبوو کە هەندێکجۆری خواردنەوە کحولیەکان، کاتێک بەڕێژەیەکی مامناوەند دەخورێنەوە، سودیان بۆ تەندروستیی هەیە، بۆ نمونە زۆر کەس پێیانوایە خواردنەوەی شەرابی سور سودی هەیە، چونکە مادەی بایۆفلاڤۆنۆیدی تێدایە، بەڵام دەرکەوتوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم مادە سودبەخشە دەبێت بڕێکی زۆری لێی بخۆیتەوەو ئەمەش زیانی بۆ تەندروستیی هەیە.

ئەو پزیشکە ڕوسییە دەڵێت، "بۆیە ئێستا زۆربەی توێژەران پێیان وایە کە خواردنەوەی کحول بە هەر بڕێک بخورێتەوە زیانی هەیە".

بەوتەی ئەو، کحول کاریگەریی خراپی لەسەر جگەر هەیەو دەتوانێت بەرهەمهێنانی کۆلیسترۆڵی پێویست بۆ پاراستنی ئەرکەکانی جەستە تێکبدات، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و خوێنبەرەکان، هەروەک کحول دەبێتە هۆی گرژبونی خوێنبەرەکان دوای ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا فراوان دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، داتا زانستییەکان لەسەر تایبەتمەندییە سودبەخشەکانی کحول هێشتا دژ بەیەکن، زانایان پێشتر دەرئەنجامە نەرێنییە سەرەکییەکانی خواردنەوەی کحولیان دەستنیشان کردوە، لەوانە گۆڕینی جینەکان، زیادبونی مەترسیی توشبون بەهەندێکجۆری شێرپەنجە، تێکچونی پێکهاتەی مێشک، تێکچونی هۆرمۆنەکان، کەمبونەوەی توانای زاووزێکردن‌و هەندێکی تر.

و: ئاکۆ ئاڵی