شارپرێس
وەزارەتی نەوتی عێراق سورە لەسەر دەستكاریكردنی گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم مەرجی هەیەو دەڵێت دەبێت دەستكاریكردنەكە بەڕەزامەندی كۆمپانیاكان بێت، لەم نێوانەدا كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم گلەییان هەیە لەوەی هەردوو حكومەت بەشدارییان پێ ناكەن لە گفتوگۆكاندا.
هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، واتە 8 مانگە نەوتی كوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان نەكراوە، بەپێی قسەی عاسم جیهاد، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێم گفتوگۆ دەكات لەپێناو خێراكردنی پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، بەڵام بەغدا خوازیاری ئەوەیە هەموو لایەنەكان پابەند بن بە ئەركی سەرشانیانەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی داراییو گەیشتن بە شێوازێكی یاسایی دروست.
كۆمپانیاكانی نەوت دەیانەوێت لەحاڵی هەر رێككەوتنێكی نوێدا لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، گرەنتی وەرگرتنەوەی ئەو پارانە بكەن كە كەوتووەتە لای حكومەتی هەرێم، هەروەها بۆ داهاتووش گرەنتی ئەوە بكەن بەشێوەیەكی سیستماتیك پارەی خۆیان وەربگرن.
گروپی ئەپیكور بڕی (یەك ملیار) دۆلاری پارەی لای حكومەتی هەرێمەو هێشتا پێی نەدراوەتەوە، ئەم كۆمەڵەیە هۆشداری ئەوەی بە هەردوو حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق داوە تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتیش لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە دەستپێبكاتەوە، ئەوان لە دۆخێكدا نین نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن تا دڵنیا نەبن لەوەی چۆن پارەیان پێدەدرێت.
