ئێران 50 ملیار دۆلار سزاى به‌سه‌ر ئه‌مریكادا سه‌پاند

جیهان

07/12/2023‌ 2722 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگایەکی كۆمارى ئیسلامى ئێران، لەدۆسیەی کوشتنی قاسم سلێمانییدا، 50 ملیار دۆلار سزاى بەسەر ئەمریکادا سەپاند.


دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڕیارێکی دەرکرد کە ئیدارەی ئەمریکاو کەسایەتییەکانی حکومەتی ئەمریکای لەدۆسیەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران سزاداوەو تێیدا بڕیاردراوە بەخەرجکردنی قەرەبوو غەرامەکردنی زیانە ماددی‌و ئەخلاقییەکانی تاوانی تیرۆرکردنەکە بەبڕی 49 ملیارو 770 ملیۆن دۆلار.

دادگای یاسایی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەلقی 55ی خۆی لەتاران، ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەو تاوانانەی کە لەشەهیدکردنی فەرماندە قاسم سولەیمانیدا ئەنجامدراون، ئیدارەی ئەمریکاو 41 کەسی دیکەی سروشتیی‌و یاسایی لەئەمریکا، 49 ملیارو 770 ملیۆن دۆلاریان بەسەردا سەپێنراوە.

لەبڕیارەکەدا هاتوە، "دوای سکاڵای سێ هەزارو 318 هاوڵاتیی ئێرانی، دادگای یاسایی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەلقی 55ی خۆی لەتاران (کە بەدواداچون بۆ دۆسیە نێودەوڵەتییەکان‌و داوای یاسایی دەکات)، بەسەرۆکایەتیی دادوەر حسێن زادە لەدۆسیەی داوای قەرەبوکردنەوەی مادی، ئەخلاقی‌و زیانەکانی سزا لەئەنجامی تاوانی تیرۆرکردنی شەهید، لیوا حاجی قاسم سولەیمانی، دادگا بڕیارێکی ئیدانەکردنی ئیدارەی ئەمریکی لەم دۆسیەیەدا دەرکرد، ئەویش دوای ئەنجامدانی سێ دانیشتنی گشتیی".

ئەوەش هاتوە، "دادگا سزای هەریەکێک لەو کەسە سروشتیی‌و یاساییانە بەبڕی 5 ملیۆن دۆلار سەپاند بەهۆی ئەو زیانە مادیی‌و ئەخلاقییانەی کە توشی بون، هەروەک بڕی 10 ملیۆن دۆلاری دیکە وەک سزایەک بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی کردەوەی ئەو سزادراوانە لەداهاتودا، چونکە تاوانی تیرۆرکردنی تیمی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی نمونەیەکی ڕون بوو بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەوانەشی سزادراون دەبێت کۆی گشتیی بڕی 49 ملیارو 770 ملیۆن دۆلار بدەن جگە لەغەرامە بۆ هەر دواکەوتنێکی پارەدان".

جگە لەوەی دادگا بڕیاریداوە کە دەبێت هەموو ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمەرکراوە، بەشێوەیەکی فەرمیی داوای لێبوردن لەسەر ئەو دۆسیەیە پێشکەشبکەن‌و لەیەکێک لەڕۆژنامە بەربڵاوەکانیشدا بڵاوی بکەنەوە، هەروەک مافی ئەوەشی بەوکەسانە داوە لەماوەی دوو مانگدا تانە لەبڕیارەکەی دادگا ئێرانییەکە بدەن.

بەپەلە