لە کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم بەرمیلی بە (39) دۆلار لەناوخۆی هەرێمدا فرۆشراوە

کوردستان

07/12/2023‌ 2767 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ رۆژانە (30) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.

تێکڕای بەرهەمی گشتی  کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ماوەی چارەکی سێیەمی (2023)دا (32 هەزار و 28)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. لە کاتێکدایە لە چارەکی سێیەمی (2022)دا بەرهەمی کێڵگەکە (30 هەزار و 58)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، واتا ئاستی بەرهەم (هەزار و 970) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە رێژەی (7%) زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بە تێکڕا لە ماوەی (1ی کانونی دووەمی 2023 – 30ی ئەیلولی 2023) بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە (26 هەزار و 862) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا بەرهەمەکەی بریتی بووە لە (29 هەزار و 834) بەرمیل نەوتی رۆژانە، واتا (2 هەزار و 972) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە رێژەی (10%) کەمی کردووە.

باس لەوەشکراوە، هەموو فرۆشتنێکی نەوتی بەرهەمهێنراو لە ماوەی چارەکی سێیەمی (2023)دا بۆ بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بووەو هەر بەرمیلێکیش بە (38.95) دۆلار فرۆشراوە، لە کاتێکدا لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022)دا (89.32) دۆلار بووە.