سوپای ئەمریکا سەدان فڕۆکەی جەنگیی خانەنشین دەکات

جیهان

10/12/2023‌ 1701 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزی ئاسمانیی ئەمریکا (USAF) ڕەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکای وەرگرت بۆ ئەوەی لەساڵی 2024دا بەگشتیی 310 فڕۆکەی جەنگیی خانەنشین بکات، لەو ژمارەیەش 42 فڕۆکەی هێرشبەری جۆری A-10 Warthog کە پێشتر مشتومڕێکی زۆری لەکۆنگرێس دروستکردبوو لەسەر پلانەکانی وەستاندنی کارپێکردنیان.


بەخانەنشینبونی 42 فڕۆکەی جۆریA-10، ژمارەی ئەو فڕۆکەیانەی کۆمپانیای فەیرچایڵد کە لەهێزی ئاسمانیی ئەمریکادا ماونەتەوە ئێستا 218 دانەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە لەنێوان ساڵانی 1972 بۆ 1984، کۆمپانیای فێرچایڵد نزیکەی 715دانە لەفڕۆکەیA-10و وەشانە جیاوازەکانی بەرهەمهێناوە، ئەم فڕۆکەیە تەنها لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە بەکاردێت.

فڕۆکەکانی دیکە کە بڕیارە لەهێزی ئاسمانیی ئەمریکادا خانەنشین بکرێن بریتین لەپۆلێک لەفڕۆکە جەنگییەکانی F-15C/D Eagleو هەندێک لەفڕۆکەکانی F-15E Strike Eagle.

بەڵام بۆ ئەو 32 فڕۆکە جەنگییە شەبەحییەی جۆریF-22 کە پێشنیازکرابوو بۆ خانەنشینکردن لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە، کۆنگرێس ئەمەی ڕەتکردەوە بەبیانوی ئەوەی کە فڕۆکەکان هێشتا پێویستن.

هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە1ی ئابی 1907 وەک بەشێک لەسوپای ئەمریکا پێکهێنراوەو دواتر لە18ی ئەیلولی 1947 وەک لقێکی سەربەخۆ لەناو هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا جیاکرایەوە، لەگەڵ پەسەندکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانی ساڵی 1947، لەئێستادا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا تەنها هەزارو 932 فڕۆکەی جەنگی‌و 140 فڕۆکەی موشەکهاوێژی هەیە.