داوا لە سیستانی دەکرێتە بەپەلە فەتوای جیهاد دەربکات

کوردستان

02/01/2024‌ 1474 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەیەکی بەریتانی داوا لە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەکات فەتوایەک دەربکات، پەیوەست بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان لە عێراق و ڕێگریکردن لەو کارەساتە ژینگەییەی بەڕێوەیە.

پێگەی میدڵ ئێست ئۆنڵاین-ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوەکردووە، پێویستە مەرجەعیەتی شیعەکان فەتوایەک دەربکات بۆ هۆشیاریی ژینگەیی لەلای عێراقییەکان، هاوکات سیاسەتمەداران ناچار بکات ناکۆکییە سیاسییەکانیان وەلاوە بنێن و کار لەسەر پرسی ژینگە بکەن.

پێگە بەریتانییەکە باسی لەوەکردووە، عێراق ڕوبەڕوی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی دەبێتەوە، بۆیە دەبێت لەجیاتی ئەو کۆڕبەندە نێودەوڵەتییانەی لەدەرەوە ئەنجامدەدرێن و عێراق بەشدارییەکی ئاسایی تیایاندا هەیە، لەنێوخۆی عێراق کاربکرێت بۆ بەرگرتن لەو کارەساتە ژینگەییەی بەڕێوەیە.

ئەو پێگە بەریتانییە پێشنیاز دەکات، وەكچۆن لە جەنگی دژ بە داعش مەرجەعیەت فەتوای جیهادی دا، بەهەمانشێوە لە پرسی ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان لە عێراقیش فەتوای جیهاد بدات.