ناڕەزایەتی و بایکۆتی ئەمجارەی هەولێر

کوردستان

12/01/2024‌ 1438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فەرمان رەشاد

ئەوەی ئەم دوو ڕۆژە لە هەولێر ڕوویدا، بەهەموو ماناکان قۆناغێکی نوێی دەربڕینی ناڕەزایی بوو، چەند ساڵی ڕابردوو هەمیشە ناڕەزایی لە چین و وتوێژی مووچەخۆری شارەکە قەتیس ببوو، خەڵکی بازاڕ و پیشەوەر دایمە پێی باشتر بووە سەقامگیری هەبێت و لەگەڵ بایکۆت و خۆپیشاندان نەبوونە، ئێمەی هەولێری باش لەو ڕاستیانە حاڵین و بەری کەوتووین.

ئەوەی ئەمجارە یەکەمجارە توێژێک لە دەرەوەی مووچەخۆران بەیەکەوە و بەتوندی هەڵوێستێک بەرامبەر بڕیارێکی حکومەت دەربڕن، لەکاتێکدا پێشتر چەندین بڕیاری تری هاوشێوە لەلایەن حکومەت دەرچووە، کە بارگرانی بۆ خەڵکی پیشەوەر و بازاڕ دروستکردبوو بەڵام ڕووبەڕووی نەبوونەوە.

ئەوەی ئەوجارە یەک تەفسیری هەیە، ئەویش ئەوەیە خەڵک گەیشتۆتە ئێسکی، بەو شێوەیە نیە وا بیر بکەنەوە هەرچی بکەن، بێ کێشە دەچێتە سەر و خەڵک سەر دادەنوێنێ، دەبێ بزانن خەڵک چیتر ناتوانێت خۆی بگونجێت لەگەڵ بارگرانی و فشارەکانی حکومەت، ئیتر قسەدەکەن، ناچارن دەنگ هەڵبڕن، بۆیە سەرەڕای فشار و هەڕەشەکانی بەرپرسانی حکومی لە شارەکە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی نانەواخانەکان نەچوونە ژێربار و بەردەوام بوون و لە بایکۆت و دەنگ هەڵبڕین.

ناڕەزایەتی هەولێر بەسروشتی خۆی، پەیامێکی گەورەی سیاسی و ئابوری تێدایە لێکەوتەی زیاتریشی دەبێت تەنانەت دەتوانێت  دۆخەکە بهەژێنێت.

 خاڵێکی تر ئەوەیە هەمیشە بۆچونیک هەیە کە دۆخی ئابوری و ژیانی خەڵکی هەولێر باشترە، بەڵام کاتێک ناڕەزایەتی و بایکۆت بەو جۆرە دەگاتە ئەو شارە، مانای وایە ئیتر هیچ کوێیەک لە کوردستان نەماوە دۆخی باش بێت، دەبێت دەسەڵات هەڵوەستەی لەسەر بکات و تێی بگات.