سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق: دەبێت حکومەت بەپەلە ڕێگریی لەهێرشەکانی سەر عێراق بکات

عیراق

16/01/2024‌ 534 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە رووداوى هێرشکردنە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان پێکبهێنێت، هاوکات داوا لە حکومەت و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانیش دەکات "بەپەلە" کار بکەن بۆ رێگریکردن لەو هێرشانەی لە دەرەوە دەکرێنە سەر عێراق.
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەى بۆردوومانکردنى چەند شوێنێکی هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانى بە "مووشەکى بالیستیى ئێران" کرد و بە "تاوان" ناوى برد.
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق داواى لە حکومەتى فیدراڵى و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد "بەپەلە" کار بکەن بۆ رێگریکردن لەو هێرشانەی لە دەرەوە دەکرێن، سەروەریى نیشتمانیى عێراق بپارێزن و رێگرى لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە پێشێلکارییانەى وڵاتانى دراوسێ بکەن.
 
شەوى رابردوو سوپاى پاسدارانى ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون.