شرۆڤەیەکی کورت بۆ پەیام و لێکەوتەی هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و سوریا

مەلەفی تایبەت

17/01/2024‌ 977 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەختیار ئەحمەد ساڵح

لە هێرشەکەی بەرەبەیانی 10 کانونی دووەمی  2024،  ئێران ٢٤ مووشەکی بالیستیکی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنەسەر ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی لە پارێزگای هەولێر و سوریا.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەگەورەترین ئۆپەراسیۆنی مووشەکی ئێران هەژمار دەکرێت کە تا ئێستا ئەنجامدرابێت. لە هێرشەکەدا11 مووشەک ئاڕاستەی هەولێر کرا، 7 مووشەک لەئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و  4 مووشەکیش لەپارێزگای کرماشانەوە. بۆ سەر ئیدلیبی سوریاش 13 مووشەک ئاڕاستەکرا،  4 مووشەکی خیبەر لەخوزستانەوە، 9 مووشەکیش لەشوێنێکی دیکەی نادیار لەناو خاکی ئێرانەوەەوە.

چەند تێبینییەک لە سەر هێرشەکان
-    لەم هێرشەدا ئێران تاکتیکی هێرشی ئاوێتەی بەکارهێنا، ئەم تاکتیکە پێشتر لەهێرشەکەی سەر پاڵاوگەی ئارامکۆ لە سعودییە لە لایەن ئێرانەوە بەکارهێنراو لەئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ڕووسیا لەکاتی شەڕی ئۆکرانیا بەکارهێنراوە. پێش ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکە بۆ سەر هەولێر، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هەڵدەدراو سیستەمی بەرگری ئەمریکی سەربازگەی حەریری خەریککرد بە خۆیەوە، دواتر مووشەبالیستییەکان بەبێبەرگری بەرئامانجەکان  کەوتن.

-    لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆیەکەمجار مووشەکی بالیستیکی ستراتیجی "خیبەر" بەکارهێنراو ئامانجەکانی لەمەودای نزیکەی 1260 کیلۆمەتر (لەپارێزگای خوزستان تاباکووری ڕۆژئاوای سوریا) بەوردیپێکا، ئامانجی شارەزایانی سوپای پاسداران لەدروستکردنی ئەم مووشەکەدا، توانای بەئامانجگرتنی پێگەکانی ئیسرائیل بووە.


پەیامی هێرشەکە
-    لە هێرشە موشەکییەکەی سەر ئیدلب لە سوریا، ئێران مەبەستی بوو ئەو پەیامە بگەیەنێت کە ئێران دەتوانێت لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای خاکەکەیەوە ئیسڕائیل بکاتە ئامانجە، لەبەر ئەوەی کە هێزە لەبرییەکانی ئێران زۆر بە ئاسانی لە ناو سوریاوە دەیانتوانی پێگەکانی ئەو کارە بکەن، بەڵام ئێران ویستی نەیارەکانی توانا و وردی پێکانی موشەکەکانی ببینن. هێرشی مووشەکی بۆ سەرئیدلیبی سوریا، دوورترین هێرشی مووشەکی ئێرانبوو لەمێژووی خۆیدا. ئەو ناوچەیەی هێرشیکرایە سەر لەباکووری ئیدلب نزیکەی 1300 کم لەسنوورەکانی ئێرانەوە دوورە.
لێکەوتەی هێرشەکە
-    لەهێرشەمووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان وانەیەکی زۆرسادەو گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لاوازبوون لەبواری پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکاندا ئەزموونێکی پڕلەئازارە. بۆچی ئێران هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێرێت بۆ گەیاندنی پەیام بۆ دوژمنەکانی؟ چونکە بەهێزە و دەتوانێت. هەرێمی کوردستان لاوازە و ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و ئەم هێرشانە هیچ لێکەوتەیەکی بۆ ئێران نابێت. یەکێک لەبنەماسەرەکییەکانی ڕوانگەی ڕیالیستی لەزانستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، نەبوونی یاسایە لەهەلومەرجی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتاندا. ئەمەش بەومانایەیە کە هیچ یاسا و ڕێسایەک لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا بوونی نییە، ئەوەی هەیە تەنها هێزە، لەجیهانێکی وادا نیمچەدەوڵەتێکی وەک هەرێمی کوردستان توانای بەرگری نییە بەرامبەر جموجۆڵە سەربازییەکانی دراوسێ بەهێزکانی و هیچ وڵاتێک لەسەر نایەتە دەنگ هەر بۆیە باشتر کە بە وریاییەوە هەنگاو بنێت.