تاپڕەکەی شێروان و سارۆخەکانی ئێران

مەلەفی تایبەت

21/01/2024‌ 1329 جار خوێندراوه‌ته‌وه


زاگرۆس هیوا

هێزەکانی ئاسایشی سەر بە پەدەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەدا توانییان شێروان شێروانی دەستگیر بکەن  و دەست بگرن بە سەر قەڵەم و مۆبایلەکەی و هەروەها  تاپڕەکەی کە لە باپیریەوە بۆی بە یادگاری مابووە دەستەسەر بکەن و بەم شێوەیە مەترسییەکی زۆر گەورەی ئەمنییەتی لە سەر هەرێمی کوردستان بڕەوێننەوە.  سەرۆکی حکوومەتی سەر بە پەدەکەش لە لێدوانێکی فەرمی چاپەمەنیدا شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی بە تیرۆریست، تێکدەری ئاسایشی نیشتمانی، سیخوڕ و هتد... تۆمەتبار کرد، خۆی خستە شوێنی داواکاری گشتی و،بە بێ ئەوەی کە گوێ لە نارەزایەتی رای گشتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بگرێ، ناراستەوخۆ فەرمانی بە دادگای هەولێر کرد کە سزاکەی شێروان و هاوڕێیەکانی گرانتر وگرانتر  بکات. پاش زیندانی کردنی دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان، بەڕێز سەرۆک وەزیر ئێدی دڵنیا بووە کە هیچ مەترسییەک لە سەر هەرێمی کوردستان نییە و شەقام و کۆڵانەکانی هەرێمی پڕ کرد لە بیلبۆردی وێنەی خۆی کە گوایە بەهێز و خۆڕاگرە. بە زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و دەست بە سەردا گرتنی تاپڕێک و چەند مۆبایلێک ئێدی ئەمن و ئاسایش بۆ هەرێم گەڕابووە.

ئەم ئەمن و ئاسایشە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی کە سارۆخە بالیستیکەکانی ئێران لە ناوەڕاستی هەولێر کەوتن. هەمان سەرۆک وەزیری بەهێز و خۆڕاگر، بانگەشەی بیلبۆردەکانی خۆیی لە بیر چووبووە و سەرەتا هەر نەیدەوێرا بڵێی کە کێ لە پایتەختی دەسەڵاتەکەیی داوە. دەسەڵاتدارانی پەدەکە وێنەی هێرشەکانی ساڵی ٢٠٢٢، هێرشکارەکەیان سەرەتا وەکو "وڵاتێکی دراوسێ"پێناسە دەکرد. رای گشتی مەراقی دەکرد کە ئایا ئەم وڵاتە دراوسێیە سوریایە، ئەردەنە یان عەرەبستانە؟ یان تانزانیا و مۆریتانییە؟  تا ئەو کاتەی کە سوپای پاسدارانی ئێران بە هانایەوە هات و گوتی درۆ ئێدی بەسە، خوا هەڵناگرێ با زۆر لای خەڵکی ئیحراج نەبن، خۆ هەموو کەسێک دەزانێت. با منیش بیڵێم، ئەوە من بووم لێتانم دا. سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتی پەدەکە لە جیاتی ئەوەی کە جاریکی دی داواکاری گشتی بخەنە جووڵەوە و لەدژی کۆنسۆلخانە و کارمەندە رەسمییەکانی ئێران سکاڵا تۆمار بکەن و بە تیرۆریست و سیخوڕ و تێکدەری ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتباریان بکەن و بچنە بەردەم کۆنسۆلخانە و پرۆتۆستۆ بکەن، تەنانەت نەیانهێشت خەلک خۆڕسکانە لە بەرامبەر کۆنسۆلخانەی ئێران ناڕەزایەتییەکی بچووکیش دەرببڕێت. هاتن هەموو ئیعلام و هێزی رێکخستنی خۆیانیان خستە گڕ و رۆێشتن لە بەردەم بارەگایەکی چۆڵی UNخۆپشاندانیان کرد. وەک بڵێی UNهەولێری مۆشەک باران کردووە، نەک ئێران.
سەرۆک وەزیران، وەک بڵێی لە گەڕەکی بەحرەکە  ماتۆرسیکلێک دەعمی کردبێت هەر خۆی تێکنەدا و زەحمەتی نەکێشا لە داڤۆسەوە بگەڕێتەوە کوردستان، بەڵکۆ پاش داڤۆسیش رۆیشت بۆ کۆلیژی شاهانەی بەریتانیا کوڕەکەی بەسەر بکاتەوەکە بە پارەی دزراویگەلی باشوری کوردستان، بە بێ ئەوەی کە خەمی  بایکۆتی مامۆستایان ناڕازی و دواکەوتنی پەروەردەی هەبێت، بە باشترین کواڵیتی پەروەردە دەبینێت.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ، نەدەبوو لە بابەتی شێروان شێروانی و هاوڕێکانیدا لە جیاتی ئەوەی زیندانییانیان بکەن، خەڵکتان کۆ بکردایەوە و بچوونایە بەردەم UNو لەوێ لە دژی شێروان سکاڵایەکتان تۆمار بکردایە؟ یان نەدەبوو هەر وەکو چون لە کەیسی مووشەک بارانەکەدا خودای پەروەردگارتان کردە داواکاری گشتی و لێ پاڕانەوە کە سزای ئێران بدات، پاڕانەوەتان کردبایە کە سزای شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانیشی بدات و ئێدی ئێوە زیندانییان نەکەن؟ ئەو خودایەی کە ئەوەندە بەهێز بێت لە سەر پاڕانەوە و داوای ئێوە ئێران سزا بدات مەگەر ناتوانێت شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی سزا بدات؟ دیارە یان ئێوە هیچ بڕواتان بە خودا نییە یان لە بەرامبەر گەلدا خۆتان بە خودا دەزانن و  بە گوتەی خۆتان "حیساب بۆ رەئی یەک بەشەر ناکەن"، تا ئەو کاتەی کە دەسەڵاتێکیستەمکاری بەهێزترتان لێ پەیدا دەبێت.

دەسەڵاتی پەدەکە بۆتە درێژکراوەی دەسەڵاتی تورکیا و ئەردغان و ئێدی وای لێهاتووە کەسایەت و سیاسەت و  زیهنییەتیشیان لە یەک دەچن. تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بۆتە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا و هەموویان بە تۆمەتی تیرۆر و سیخوڕی  سزادراون.ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لە بەرامبەر خەڵکی خۆیاندا ستەمکارن و لەبەرامبەر هێزی دەرەوشدا ترسنۆک. ئەگەر لە بیرتان بێ، کاتی خۆی سوپای روسیا لە ئیدلیبی سوریا لە سوپای داگیرکەری تورکیای دا و بە سەدان عەسکەری لێ کوشتن.کاروانی تابوتی عەسکەری تورک لە سوریاوە بەرەو تورکیا جادەکانی تەنیبوو. ئەو ئەردۆغانەی کە خۆی وەکو بەهێزترین کەس و دەسەڵاتی تورکیا پێناسە دەکات، لە ترساندا نەیدەوێرا تەنانەت بڵێی پۆتین لێ داوم. دەیگوت بەشار ئەسەد لێ داوم و پاش مانگیک بازی بە سەر هەموو تابووتەکاندا دا و  چوو بۆ کرێملین و دوای دوو خولەک چاوەڕوانی لەبەر درگادا دەستی پۆتینی ماچ کرد. سەرتان سۆڕ نەمێنی کە دەسەڵاتدارانەی پەدەکە پاش ماوەیەکی تر بۆ پاڕانەوە روو لە تاران بکەن و بە شان و باڵی ئێراندا بێنەوە کە چەندە دراوسێ و دۆستیکی باشه، یان ٢٠٢٥لە ساڵیادی قاسم سولەیمانیدا هەموویان لە کۆنسۆلخانەی ئێران رەش بپۆشن. ئەم تۆرانەی ئێستای پەدەکەش لە ئێران کاتی و مووەقەتییە. چۆنکە هەردووکیان هاوپەیمانی سەردەمی قیادە مووەقەتن.کاراکتەری دەسەڵاتی ستەمکار و سەرکوتکەر وەهایە،  بیانۆ بە خەڵکی خۆیی دەگرێت و لەبەرامبەر هێزی دەرەکیشدا بێ ئیرادە و داماوە. کورد وتەنی: شێری ماڵە و رێوی دەرەوە. لە لای ئەم جۆرە دەسەڵاتەوە تاپڕەکەی شێروان شێروانی لە سارۆخە بالستیکییەکانی ئێران مەترسیدارترە، هێرشە درۆنییەکانی تورکیاش بۆ سەر خەڵکی بێ تاوان هیچ ناکۆکییەکیان لەگەڵ شەرعی ئیسلامدا نییە.

بەپەلە