گەمەی ئەمریکاو عێراق (ئێران)

مەلەفی تایبەت

27/01/2024‌ 462 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەردار عەزیز

گرژی نێوان عێراق و ئەمریکا گەشتە ئاستێکی باڵا. بەڵام یاریکەرە سەرەکیەکان کە ئێران و ئەمریکان، نەیاندەویست ڕێسای گەمەکە تێک بچێت. بۆیە دەکرا یارییەک بکرێت. یارییەکە بەم شێوەیە.

گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق هەمیشە بە جیاواز لە لایەن عێراق و ئەمریکاوە نابراوە. لای ئەمریکییەکان گفتوگۆی ستراتیژییە، لای عێراقییەکان گفتوگۆی کشانەوەیە. ئەمە تەنها یارییەکی زمانەوانییە بۆ خەڵکانی شەقام.

لەم دوا گەیمی یارییەکەدا، هەردوو لا لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە لیژنە پێکبهێنن و دەست بە دانوستان بکەن. لە ڕاستیدا ئەم دانیشتن و گفتوگۆیانە هەمیشە هەبوون. چونکە پەیوەندی نێوان عێراق ئەمریکا بۆ ئەوەی ببێت بە پەیوەندی ستراتیژی دەبێت بگوێزرێتەوە یان فراوان بکرێت بۆ بوارەکانی تریش، نەک تەنها سەربازی و ئاسایشی بێت، وەک بواری دارایی، بانکی، کەلتوریی، ژینگەیی و زۆر بواری تر.

کاتێک ئەم دانیشتنانە پچڕانی تێکەوت بە هۆی شەڕی غەزەوە، ئێستا سەرلەنوێ دەست بەکار دەبنەوە. ئەم ئەم دەستبەکاربونە وەها بەبازاڕ یان مارکێتینگ دەکرێت کە گوایە وەک ڕێگایە بۆ پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراق بێت. بۆ ئەوەی ئەم یارییە وەک جیددی ببینرێت هەموو کەسایەتیە سیاسیەکانی عێراق پیرۆزباییان لێکرد و هەندێک وەک دەرئەنجامی فشار و هەندێکی تر وەک دەستکەوت و هەندێکی تر ڕێگای گونجاو تەماشایان کرد. وەها دیارە عێراق و ئەمریکا دانیشتن ئەنجام دەدەن، بەڵام نە کشانەوە ڕودەدات و نە هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە. وێنەکەش باڵوێزی نوێی ئەمریکایە کە ڕۆژانی داهاتوو دەگاتە بەغدا.