چی پەیوەندییەک لەنێوان جگەرەکێشان و بچووکبوونەوەی قەبارەی مێشکدا هەیە؟

تەندروستی

31/01/2024‌ 431 جار خوێندراوه‌ته‌وه



گۆڤاری "Helpraxiscent"ی ئەڵمانی بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی قوتابخانەی پزیشکیی زانکۆی واشنتۆن دەریخستووە کە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان جگەرەکێشانی ڕۆژانە و بچووکبوونەوەی قەبارەی مێشکدا هەیە.

پشکنینەکە 32 هەزار و 94 کەسی لەخۆگرتووە، قەبارەی مێشکی بەشداربوونیان لەڕێگەی وێنەگرتنەوە دیاریکردووە، شارەزایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کەمبوونەوەی قەبارەی مێشک لەو کەسانەدا زیاد دەکات کە ڕۆژانە جگەرە دەکێشن.

توێژینەوەکە دەریخستووە، تا بەشداربووان ڕۆژانە زیاتر جگەرە بکێشن، قەبارەی مێشکیان زیاتر بچووک دەبێتەوە.

توێژینەوەکە ئەم ئەنجامانە ڕوون دەکاتەوە بەوەی کە جگەرەکێشان شانەکانی مێشک بچووک دەکاتەوە و ئەمەش ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی جگەرەکێشەکان بکەونە گروپێکەوە کە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشیی زەهایمەر هەیە، یان دابەزینی توانای مەعریفی و زانین بەهۆی پیربوونەوە.

ئەوەش هاتووە: کاتێک واز لە جگەرەکێشان دەهێنیت، لەدەستدانی بارستەی مێشک دەوەستێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ناگەڕێتەوە بۆ قەبارەی خۆی، بۆیە جگەرەکێشان پەیوەندییەکی نزیک بە پیربوونی پێشوەختەی مێشکەوە هەیە.
ئامادەکردن:ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە