شاهید ـ 136.. ئەو درۆنە ئێرانییەی وێرانەی لەناوچەکەدا دروستکردوە

جیهان

07/02/2024‌ 1665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی ئێران وردەکاریی نوێیان سەبارەت بەبەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "خۆکوژی"و ئەو چەکە ئێرانیانە خستۆتەڕوو کە لەمدواییانەدا قسەو باسیان زۆر لەبارەوە کراوە، بەتایبەتیی دوای بەکارهێنانی لەلایەن ڕوسیا لەئۆکرانیاو میلیشیاکانی پەیوەست بەتاران لەناوچەکەدا.


ئەم فڕۆکە کامیکازانە، بەگوێره‌ى ئەوەی ڕۆژنامەی “ئۆرشەلیم پۆست”ی ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێکی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانەوە وەریگرتوە، کڵاوەیەکی جەنگیی هەڵدەگرن‌و بەرەو ئامانجەکانیان هاوشێوەی موشەکی کروز دەفڕن‌و خۆیان دەتەقێننەوە.

بەگوێره‌ى ئەو ڕاپۆرتە، بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ چەندین دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ڕایگەیاندوە، ئێران زۆرجار هەوڵیداوە لاسایی مۆدێلی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی‌و ئیسرائیلی بکاتەوە.

هەروەک لەماوەی ڕابردودا ئێران ئەو سیستمانەی بۆ چاودێریکردن بەکارهێناون، هەوڵی پڕچەککردنی داون، هاوشێوەی ئەوەی کە ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پرێدەیتەری بەموشەک چەکدارکردوە.

بەڵام لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ئێران ئێستا سەرچاوەکانی خۆی بۆ وەبەرهێنان لەهێڵێکی دورودرێژی فڕۆکە خۆکوژەکاندا بەگەڕخستوەو هەوڵدەدات ئەوکارە بکات کە سۆڤیەتەکان بەتفەنگی ئەی کی 47 کردیان، کە لەجیهاندا بڵاوبوەتەوە.

ئاژانسی تەسنیم دەڵێت، زۆرجار ئەستەمە ئەو فڕۆکانە لەلایەن ڕادارەکانەوە ئاشکرابکرێن.

بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە، ئەوەی لەڕاپۆرتەکەی ئێراندا جێی سەرنجە، گرنگیدانە بەفڕۆکەکانی شەهید136و 131 کە تاران بۆ میلیشیا حوسییەکانی دابینکردوە، هەروەک ڕوسیاش لەئۆکرانیا بەکاریهێناوە.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت:“میدیاکانی ئێران ناتوانن لێدوان لەبەرپرسان وەربگرن سەبارەت بەهەناردەکردنی ئەو دڕۆنانە بۆ ڕوسیاو پشت بەتۆمەتەکانی ئۆکرانیا دەبەستن".

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئێران خاوەنی چەندین کۆمپانیای ناوخۆییە کە لەبواری بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کێبڕکێی یەکتر دەکەن، بەئامانجی هەناردەکردنیان بۆ دەرەوە.

بەڵام ڕۆژنامەکە جەختی لەوەکردۆتەوە کە دیارترینی ئەم فڕۆکانە فڕۆکەی شاهید136یە، کە "وێرانکاری لەسەرتاسەری ناوچەکەو لەئۆکرانیا بڵاوکردۆتەوە"، دوای ئەوەی بریکارەکانی تاران وەک حزبوڵڵاو حوسییەکان‌و ڕوسیا به‌دەستیانهێنا.

بەپەلە