یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوونی منداڵان بە جەڵتەی دڵ ئاشکرا بوو

هەمەڕەنگ

09/02/2024‌ 758 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی ڕۆژهەڵاتی فینلاند ئاماژەی بەوەکردووە کە کەمی چالاکیی لە منداڵاندا پەیوەندییەکی پتەوی بە روودانی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشکەوە هەیە لە قۆناغەکانی دواتردا.

لێکۆڵینەوە فینلەندییەکە تیشکی خستۆتە سەر کاریگەریی چالاکیی جەستەیی سووک و مامناوەند و بەهێز لەسەر منداڵان تا تەمەنی باڵغبوون و پێوانەکردنی ئاستی چەورییەکانی ناو خوێن و پەیوەندییان بە تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەکان و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک.

لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە تێکڕای ئەو کاتژمێرانەی منداڵ بەسەری دەبات لە 6 کاتژمێر لە منداڵیدا بۆ 9 کاتژمێر لە تەمەنی باڵغبووندا زیادی کردووە، ئەمەش ئاستی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا تا 70% زیاد دەکات.

هەروەک توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە لە منداڵیدا نزیکەی 6 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لە چالاکیی جەستەیی سووکدا بەسەر دەبرێت و تا تەمەنی گەورەیی ئەمە کەم دەبێتەوە بۆ تەنها 3 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا.

تاقیکردنەوەکان دەریخستووە کە پاراستنی چالاکیی جەستەیی سووک بۆ ماوەی 3کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا، هەروەک بەردەوامبوون لە چالاکیی جەستەیی مامناوەند تا چڕ بۆ ماوەی 50 خولەک لە ڕۆژێکدا لە تەمەنی گەورەییدا کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵ هەبووە.

تیمەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، بەرزی کۆلیسترۆڵ لە تەمەنی منداڵیدا پەیوەندیی بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە لە خوار تەمەنی 30 ساڵییەوە، پاشان زیادبوونی مەترسیی مردنی پێشوەختە بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە ناوەڕاستی چلەکاندا
.
لە کۆتاییدا پسپۆڕان هۆشدارییان دا لە دانیشتنی بەردەوام لەبەردەم یارییە کۆمپیوتەرییەکان و پلاتفۆرمە تایبەتەکاندا، هەروەک  ئامۆژگاریی ئەنجامدانی وەرزش و چالاکیی جەستەیی سووکیان بۆ منداڵان کردووە بە شێوەیەکی بەردەوام، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵ لە قۆناغی دواتر و تەندرووستیی گشتیی منداڵەکە.

ئامادەکردن:ئاکۆ ئاڵی