ئەمریکا دەیەوێت 350 سەرکردەی حەشدی شەعبی بکوژێت، سودانیش ترسی لێنیشتووە

عیراق

11/02/2024‌ 1529 جار خوێندراوه‌ته‌وه


هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر حزبوڵڵای عێراقیی و کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای حزبوڵڵا، لەگەڵ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئەمریکا بەرزکردەوە، بە هەمان ئەندازەش دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر محەمەد شیاع سودانی بەرزکردوەتەوە و میلیشیا شیعەکان لە سەرۆک وەزیران دەپرسن: ئەمە ئاگربەستەکەت بوو لەگەڵ ئەمریکا کە داوات لێکردین؟

کاتژمێرەکانی داهاتوو چی ڕوودەدات؟

حکومەتی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە گفتوگۆکانی بەغدا و واشنتۆن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەستپێدەکاتەوە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەو هەواڵەدا، میلیشیا شیعەکان خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی توندی ئەمریکا ئامادەکردووە.

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە میلیشیا شیعەکانی نەیاری ئەمریکا و نزیک لە ئێران کە بۆ ڕۆژنامەی العربی جدید-ی قەتەری قسەیکردووە، ڕۆژی پێنج شەممە کەتائیبەکانی حزبوڵڵا و نوجەبا و هەندێک لە سەرکردەکانی دیکە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و تیایدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتون وەڵامێکی توندی هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر بەغدا و کوشتنی ئەبو باقر ساعدی بدەنەوە.

سەرچاوەکە وتوشیەتی، میلیشیاکان سورن لەسەر ئەوەی ئەمجارە وەڵامی فشارەکانی سودانی نەدەنەوە کە داوای دانبەخۆداگرتن دەکات لەپێناو بەردەوامیی گفتوگۆکانی ئەمریکا و عێراق بۆ کشانەوەی سوپای ئەمریکا.

وەك ڕۆژنامە قەتەرییەکە دەڵێت، دوان لە سەرکردەی میلیشیاکان لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە، بەوپێیەی لەترسی تیرۆرکردنیان عێراقیان جێهێشتووە.

عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی بەرگری لە وەزارەتی بەرگریی عێراق زانیارییەکی مەترسیداری ئاشکراکردووە و دەڵێت "ژووری ئۆپەراسیۆن لە ئوردن و قەتەر دروستکراوە، هاوپەیمانیی گەورە لەسەر عێراق پێکهاتووە، شەڕەکە دەستیپێکردووە و ناوەستێت، ئەمریکا بەنیازە 350 سەرکردەی حەشدی شەعبی و سیاسی بکاتە ئامانج".

عەبدولڕەحمان جەزائیری پێیوایە، قۆناغی داهاتوو بۆ حکومەتەکەی سوودانی و حەشدی شەعبی زۆر قورس دەبێت، چونکە میلیشیاکان بە فەرمی ئاگربەستیان لەگەڵ سودانی و ئەمریکا هەڵوەشاندەوە، سودانی ئێستا لەدۆخێکدایە کەس ئیرەیی پێنابات، بۆیە جەزائیری داوا دەکات عێراق هاوپەیمانی بکات لەگەڵ چین، رووسیا، ئێران، سووریا، حیزبوڵڵا و یەمەن.

بەپەلە