میسر هۆشداریدەداتە ئیسرائیل‌و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی نێوانیان دەکات

جیهان

11/02/2024‌ 1029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری دیپلۆماتکارێکی باڵای ڕۆژئاوا لەقاهیرە گواستویەتییەوە کە بەرپرسانی میسر داوایان لەهاوتا ڕۆژئاواییەکانیان کردوە ئیسرائیل ئاگاداربکەنەوە کە هەر هەنگاوێک بۆ ناچارکردنی دانیشتوانی غەززە بۆ پەڕینەوە بۆ ناو سینای میسر، بەپێشێلکارییەک دەزانن کە ئەگەری هەیە بەهۆیەوە ڕێککەوتننامەی ئاشتیی ساڵی 1979ی نێوانیان هەڵپەسێرێت.


بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەرپرسێکی دیکەی باڵای ڕۆژئاواو بەرپرسێکی ئەمریکی‌و بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندوە، پەیامەکەی ئەمجارەی میسر ڕاستەوخۆتر بوە، بەوپێیەی میسر هەڕەشەی ڕاگرتنی پەیماننامەی ئاشتیی نێوانیانی کردوە ئەگەر سوپای ئیسرائیل دانیشتوانی غەززە ناچاربکات بەرەو میسر کۆچبکەن.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە باسی لەوەشکردوە کە حکومەتی میسر ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ئەم هۆشدارییەی بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوبارەکردۆتەوە .

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەداوە، میسر بەڕونی ئەوەی ڕاگەیاندوە کە ئامادەیە سنورەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەسەربازگە بکات، تەنانەت ڕەنگە بەبڵاوکردنەوەی تانک‌و زرێپۆش، ئەگەر ئیسرائیل دەستبکات بەپاڵنانی فەڵەستینییەکان بۆ ناو سینا.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەفسەرە سەربازییەکانی هەردوو وڵات کە پەیوەندییەکی متمانەپێکراوی درێژخایەنیان هەیە کە لەئەنجامی هاوکارییە ئەمنییەکان لەدەوروبەری سنورەکانەوە سەرچاوەیگرتوە، بەشێوەیەکی تایبەتیش باس لەئەگەری دەستدرێژی ئیسرائیل بۆسەر ڕەفەح دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو گفتوگۆیانەدا میسرییەکان داوایان لەئیسرائیلییەکان کردوە کە مەودای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سنوردار بکات.

هەروەک، دوو سەرچاوەی ئەمنیی میسریی باسیان لەوەکردوە کە قاهیرە لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا لەچوارچێوەی زنجیرەیەک ڕێکاری بەهێزکردنی سنورەکانی کەرتی غەززە،  40 تانک‌و زرێپۆشی ڕەوانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سینا کردوە.

ئەو هێزانەش پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بڵاوکراونەتەوە کە ناوچەی ڕەفەحیش لەباشوری دەگرێتەوە کە زۆرینەی دانیشتوانی غەززە بەهۆی جەنگەوە وەک پەناگەیەک ڕویان تێکردوە.

بەپەلە