عێراق رێوشوێنە سەربازییەكان بۆ دوای كشانەوەی هاوپەیمانان دەستپێدەكات

عیراق

12/02/2024‌ 520 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی لە پارێزگای سەڵاحەدین بەسەركردەوە و لە دابینكردنی پێویستی و چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی كۆڵیەوە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پشتڕاستی كردەوە كە نزیكبوونەوە لە كۆتایهێنان بە بوونی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

سودانی كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقیشە لەسەردانێكدا بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكان لە پارێزگای سەڵاحەدین گوتی: ئێمە لەبەردەم كۆتایی هێنان بە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لەعێراق دوای تەواوكردنی ئەركەكانیان و، دەشبێت چارەسەری كەموكوڕییەكان بكرێت و پێویستییەكان دابین بكەین.

ناوبراو راشیگەیاند: دەبێت هەموو دەرچەكانی تیرۆر ببڕێن كە بۆ نانەوەی پشێوی بەكاریان دەهێنێت.

ئەوە لەكاتێكدایە لەگەڵ زیاتربوونی گووشارەكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، گومانەكانیش بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و لاوازی هێزە حكومییەكان زیاتر دەبن.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن پێچەوانەی لێدوانەكەی سودانی رایگەیاند، لە گفتوگۆكانی لیژنە سەربازییەكانی عێراق و ئەمریكا باسی كشانەوەی هێزەكان نەكراوە، بەڵكو باسی شەڕی داعش و هەماهەنگی كراوە.

هەروەها رایگەیاند لایەنی عێراقی بەهیچ شێوەیەك داوای كشانەوەی لە ئەمریكییەكان نەكردووە.